شارپرێس:
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى میدیاى عێراقى بڵاویانكردوه‌ته‌وه، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگه‌یاندوه، "هەر پزیشکێک لەنۆرینگەی تایبەتدا کاردەکات، دەبێت دەستبەجێ دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشبکات"، ده‌شڵێت، "جێگەی قبوڵکردن نییە دەوڵەت موچە بدات، کەچی تەواوی هەوڵو توانای پزیشکەکە لەنۆرینگە تایبەتەکەیدابێتو دەوڵەتو هاوڵاتیان هیچ سودێکی لێ نەبینن"، له‌وباره‌یه‌شه‌وه وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هاتهدهنگو ڕونكردنه‌وه‌ى به‌په‌له ده‌دات.
له‌هه‌واڵى میدیاكاندا ئاماژه به‌وه‌كراوه، عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، "کاتی خۆدەربازکردن بەسەرچوو، هەر پزیشکێک موچە لەدەوڵەت وەربگرێت‌و لەنۆڕینگەی تایبەتی خۆی کاربکات، دەبێت دەستبەجێ دەستلەکاربکێشێتەوە".
سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە، قبوڵکراو نییە دەوڵەت موچە بدات بەپزیشکان بەڵام ماندوبون‌و کاتی سەرەکییان بۆ نۆڕینگە تایبەتەکان بێت‌و هاوڵاتیان لەنەخۆشخانە گشتییەکاندا بێبەشبن لەخزمەتگوزاریی.
ئەم بڕیارە لەچوارچێوەی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی یاسای جیاکردنەوەی کەرتی گشتیی لەکەرتی تایبەت دێت کە سەرجەم وەزارەتەکان دەگرێتەوە، بەتایبەت وەزارەتەکانی تەندروستی‌و پەروەردە.
حکومەتی نوێی عێراق بەسەرۆکایەتی عەلی زەیدی (کە لە14ی ئایاری 2026وە دەستبەکاربوە)، ڕایگەیاندوە، چاکسازی ئیداریی‌و دژایەتیکردنی گەندەڵی لەکارە لەپێشینەکانیان دەبێت.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌واڵه‌دا، وەزارەتی تەندروستی ڕاگهیهنراوێكى به‌په‌له‌ى بڵاوكردوهتهوهو نوسیویهتى، "وەزارەتی تەندروستی ئەو زانیاریانە ڕهتدەکاتەوە کە لەهەندێک پەیجی سۆشیال میدیادا بڵاوبونەتەوە سەبارەت بەو ده‌نگۆیه‌ى گوایه، سەرۆک وەزیران داواى لەپزیشکان كردوه یان نۆرینگه‌كانیان هه‌ڵبژێرن، یان نه‌خۆشخانه گشتییه‌كان".
وەزارەته‌كه ڕونیكردوهتهوه، "تائێستا هیچ لێدوان‌و بڕیارێکی فەرمی لەو بارەیەوە دەرنەچوە، هەروەها ئەو هەواڵانهشى بڵاوبونه‌ته‌وه ڕاست نین، ئێمە جەخت لەسەر گرنگی پشتبەستن بەپلاتفۆرمە فەرمییەکان بۆ زانیاریی‌و دورکەوتنەوە لەبڵاوکردنەوەی هەواڵی پشتڕاستنەکراوە دەکەینەوە".
