حەماس قورسایی خۆی لەقەتەرەوە بەرەو تورکیا دەگوازێتەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1868 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ی سعودیی لەڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردوە، بزوتنەوەی حەماس لەماوەی ڕابردودا بەشێکی زۆری قورسایی ڕێکخستن‌و چالاکییەکانی خۆی گواستوه‌تەوە بۆ تورکیا، ئەمەش دوای چەند ساڵێک لەکەمکردنەوەی ئامادەیی لەو وڵاتەدا دێت.


ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، لەگرنگترین نیشانەکانی ئەم گۆڕانکارییە، هەڵبژاردنی شاری ئەستەمبوڵ بوو وەک شوێنی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی ناوخۆیی بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی لەمانگی ئایاری ڕابردودا کە تێیدا زۆربەی سەرکردەکانی بزوتنەوەکە ئامادەبون.

سەبارەت بەهۆکارەکانی پشت ئەم جوڵەیە، سەرچاوەکانی حەماس ئاماژە بەوەدەکەن، گواستنەوەی کۆبونەوەکان لەدەوحەوە بۆ ئەستەمبوڵ بەهۆی بونی کێشە لەگەڵ دەوڵەتی قەتەر نییە، بەڵکو ئامانج لێی لادانی شەرمەزاریی‌و کەمکردنەوەی ئەو فشارە ئەمریکی‌و ئیسرائیلییانەیە کە لەسەر قەتەر هەن بۆ دەرکردنی سەرکردەکانی بزوتنەوەکە.

ئەوەش هاتوە، دوای هێرشێکی ئیسرائیل لەسێپتەمبەری ڕابردودا کە کۆبونەوەیەکی حەماسی لەدەوحە کردە ئامانج‌و بوە هۆی کوژرانی چەند کەسێک، ئێستا تورکیا وەک پەناگەیەکی ئارامتر دەبینرێت، چونکە ئیسرائیل ناتوانێت لەڕێگەی ئاسمانییەوە هێرشبکاتەسەر خاکەکەی.

هاوکات لەگەڵ ئەم جێگیربونە نوێیە لەتورکیا، حەماس لەڕێگەی دەرکردنی بەیاننامەی هاوخەمیکردن‌و سەرکۆنەکردنی تەقینەوەکانی دیمەشق، هەوڵی ڕونکردنەوەو لێنزیکبونەوە لەڕژێمی نوێی سوریا بەسەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع دەدات کە دوای ڕوخانی بەشار ئەسەد دەسەڵاتی گرتوه‌تەدەست.

سەرکردەکانی حەماس ڕایانگەیاندوە، پەرەپێدانی پەیوەندیی لەگەڵ سوریا لەچوارچێوەی سروشتی بزوتنەوەکەدایە وەک بزوتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی‌و لەداهاتوشدا ئەنجامدانی سەردانی فەرمیی بۆ دیمەشق ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە.