شارپرێس:
پارت و ئەنجوومەنەكانی شارەكانی حەسەكە، دربێسێ، تەل تەمەر و زرگان لەرۆژئاوای كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا دژایەتی هەوڵەكانی حكومەتی كاتییان بۆ گۆڕینی ناوی كۆبانێ و تەعریبكردنی شارەكە راگەیاند.
ئەو پارت و ئەنجوومەنانە لە راگەیەندراوەكەدا دەڵێن "بەتایبەت دوای بەرخۆدانی دژ بە چەتەكانی داعش، ناوی كۆبانێ بووەتە سیمبولێكی نێونەتەوەیی بۆ ئازادی و پاراستنی شكۆ، هەوڵەكانی گۆڕینی ناوی گوند و شارەكان، بەردەوامیی سیاسەتی ڕژێمی بەعسە و دەستدرێژیكردنە سەر سیمبولە كوردییەكان دەكرێت ببێتە هۆی درووستبوونی ئاژاوە لە نێوان پێكهاتەكانی ناوچەكەدا، دابەشبوونی كۆمەڵایەتی قووڵتر بكاتەوە و ئەو هەوڵانەش لەباربەرێت كە بۆ بنیاتنانی سووریایەكی دیموكراتیك لەسەر بنەمای قبووڵكردنی فرەڕەنگیی كەلتووری، نەتەوەیی و ڕێزگرتن لە مافی سەرجەم پێكهاتەكان دەدرێن."
دەشڵێن، بەرخۆدانی یەپەژە و یەپەگە بۆ پاراستنی كۆبانێ بووەهۆی ئەوەی ناوی كۆبانێ لەسەر ئاستی جیهان دەنگی دایەوە و بوو بە سیمبولی بەرخۆدان و ئازادی.
لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە "ڕێزگرتن لە ناوە مێژووییەكان بەشێكە لە ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەلان و مافە كەلتوورییەكانیان، نابێت ئەو ناوانە بسەپێنرێن كە لە لایەن كۆمەڵگەی خۆجێییەوە ڕەت دەكرێنەوە. ناوی كۆبانێ تەنها ناوێكی جوگرافی نییە كە بە بڕیاری ئیداری بگۆڕدرێت، بەڵكوو ناسنامەیەكی مێژوویی و كەلتووریی ڕەسەنە لە بیرەوەریی گەلەكەیدا و ناوەكەی گرێدراوی مێژووی شارەكە و تێكۆشانی دانیشتوانەكەیەتی."
