راوێژکارێکی خامنەیی، زەیدی بەکەم ئەزموون وەسف دەکات

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 237 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:

عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران، لە نووسینێکدا ڕایگەیاندووە کە سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا، گەشتێکی جێگای داخە و نەگونجاو بوو لە ڕووی کاتەوە، کە سووکایەتیی بە خەباتی مێژوویی گەلی عێراق دەکات.

 

 ویلایەتی، زەیدی بە کەسێکی گەنج و بێ ئەزموون وەسف کردووە و ئاماژەی بەوەکردووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتێکدا سەردانی کۆشکی سپی کردووە کە هێشتا ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی کۆچی دوایی عەلی خامنەیی کۆتایی نەهاتبوو، بێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی خەمباریی لەو سەردانەدا پێشان بدات.

هەروەک بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "Axios"، عەلی زەیدی فشارەکانی ئێرانی بۆ پاشگەزبوونەوە لە سەردانەکەی بۆ واشنتن ڕەتکردۆتەوە. 

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە زەیدی سوور بووە لەسەر ئەنجامدانی دیدارەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ڕێبەری باڵای ئێران لە تاران بووە.

ماڵپەڕە ئەمریکییەکە ئەم هەنگاوەی وەک هەوڵێکی بەغداد هەژمار کردووە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن و تاران لە سایەی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکەدا.