لەبارەی كارەبا و غازەوە رونكردنەوە دەدرێت

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1375 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەڕاگەیاندراوێكی هاوبەشدا هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كارەبا دەڵێن، دوای ئەوەی بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەكانەوە كۆمپانیای داناگاز بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە كێڵگەی كۆرمۆر وەستاند، هەناردەی گاز بۆ وێستگەكانی كارەبا راوەستا و بڕی 2500 مێگاوات كارەبا كەمبووەوە. 

لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە "بۆ دابەشكردنی ئەو بڕە كارەبایەی كە لە وێستگە جۆراوجۆرەكانی كارەبا بەرهەم. دێت،  وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، تیمێكی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی راسپارد بۆ ئەوەی  كۆنترۆڵی دۆخەكە بكەن و بەشێوەیەكی رێكوپێك ئەو بڕە كارەبایەی هەیە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دابەش بكرێت. بۆیە تیمێكی  كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم بەردەوام چاودێریی دۆخەكە و رێكخستنەوەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی كارەبا دەكات".

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا وەزارەتەكانی سامانە سروشتییەكان و كارەبا دەڵێن "بۆ دابینكردنی غازی شل پڕكردنەوەی پێداویستیی ڕۆژانەی ماڵان، وەزیری سامانە سروشتییەكان ڕەزامەندیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی وەرگرتووە بۆ دابینكردن پێداویستیی ڕۆژانەی غازی ماڵان، هەر ئەمڕۆ چەندین تەنكەری غاز ڕەوانەی شارەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت". 

دەشڵێن "هاوڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە قەیرانی غازی ماڵان ڕوونادات و كار دەكرێت بۆ گەڕانەوەی بەرهەمهێنانی كێڵگەی كۆرمۆر بە زووترین كات".