پلانێكی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرابوو

کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1703 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:

پەیمان ڤیان، هاوسەرۆكی گشتیی پژاك رایگەیاند زلهێزەكان پلانێكی نوێیان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستەوەیە و دەشڵێت هەڵوێستی توركیا بەرامبەر بە ئێران لە دوای كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ لە ئەنكەرە گۆڕاوە.

پەیمان ڤیان رایگەیاندووە، توركیا بە پێی بەرژەوەندییەكانی خۆی مامەڵە دەكات، بەڵام دەبێت پێش هەموو شتێك خاوەنداری لەو پرۆسەیە بكات كە ئۆجالان دەستیپێكردووە و بەو پێیە هەنگاو بنێت.

هەروەها پەیمان ڤیان بۆ ئاژانسی ژن نیوز دەڵێت "ئەم جەنگەی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و شەڕەكانی ناوچەكە، پەیوەندییان بە هەموو جیهانەوە هەیە، ئۆجالان جەنگەكانی ناوچەكەی وەك “جەنگی سێیەمی جیهانی” پێناسە كردبوو.

رونیشیكردەوە "هێزە باڵادەستەكان بۆ ئەوەی پڕۆژەكانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێبەجێ بكەن، ئێرانیان كردووەتە ئامانج و ئەمانە جەنگی درێژخایەنن، لە شەڕی دژ بە حەماسدا بینیمان كە جەنگەكە كاتێكی زۆری دەوێت، پلان و پڕۆژەیەكی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە، ئەم پلان و پڕۆژەیەش بریتییە لە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە لوتكەی ناتۆدا، ئەو ڕووداوانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن، جەنگی ئێران و دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببوونە ڕۆژەڤ".