كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان هێرشەكانی ئێران شەرمەزار دەكات

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 168 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان پەلاماری مووشەكیی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بارەگاكانی هێزەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان شەرمەزار دەكات.

كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا شەرمەزاری هێرشەكەی ئێرانی بۆ سەر هێزەكانی رۆژهەڵات كردووە و دەڵێت " ئەم هێرشە دووبارە ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران هێشتا لە سیاسەتی بەكارهێنانی هێز و توندوتیژی دژ بە هێزە سیاسییە كوردستانییەكان و ناوچە سنوورییەكان بەردەوامە. ئەم كردارە دژ بە بنەماكانی مافی مرۆڤ، یاسای نێودەوڵەتی و ڕێساكانی پاراستنی ژیانی مەدەنییانەیە و هەرگیز ناتوانێت چارەسەری كێشە سیاسییەكان بێت".



دەقی راگەیەندراوەكە:
بەرەبەیانی ١٧ی تەمووز، لە ئەنجامی پەلاماری ئیران بۆسەر  بارەگاكانی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران 9 پێشمەرگە شەهید بوون وژمارەیەكی دیكە بریندار بوون،  ماڵ و سامان و ژیانی مەدەنیی خەڵكی ناوچەكەش زیانیان پێگەیشتووە.
كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان ئەم پەلامارە بە توندترین شێوە ئیدانە دەكات و بەو بۆنەیەوە پرسە و هاوخەمیی خۆی بۆ بنەماڵەی شەهیدانی هاوڕێیانی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران دەردەبڕێت. هەروەها هیوای چاكبوونەوەی زوو بۆ هەموو بریندارەكان دەخوازین.
ئەم هێرشە دووبارە ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران هێشتا لە سیاسەتی بەكارهێنانی هێز و توندوتیژی دژ بە هێزە سیاسییە كوردستانییەكان و ناوچە سنوورییەكان بەردەوامە. ئەم كردارە دژ بە بنەماكانی مافی مرۆڤ، یاسای نێودەوڵەتی و ڕێساكانی پاراستنی ژیانی مەدەنییانەیە و هەرگیز ناتوانێت چارەسەری كێشە سیاسییەكان بێت.
ئەم بۆردومانە لە كاتێكدا ڕوویداوە كە لە سەرەتای ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران، هەرێمی كوردستان و هێزە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە ڕاشكاوی ڕایانگەیاندبوو كە بەشداری هیچ جۆرە ململانێیەكی سەربازی نابن. بەڵام لەگەڵ ئەو هەڵوێستە بەرپرسیارانەشدا بەردەوام كراونەتە ئامانجی هێرشەكانی سوپای پاسداران.
كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان هەموو هێز و لایەنە كوردستانییەكان بانگدەكات كە لەم قۆناغە هەستیارەدا، بە یەكڕیزی، تەبایی و هەڵوێستێكی هاوبەشی نەتەوەیی، لەبەرامبەر سیاسەتەكانی شەڕفرۆشی، توندوتیژی و پیلانەكانی دوژمنان و داگیركەران بوەستنەوە و نەھێڵن ئەم جۆرە هێرشانە ببنە هۆی زیادبوونی ئاڵۆزی و دابەشبوون لە ناو ڕیزەكانی گەلی كوردستاندا.
لە كۆتاییدا، جارێكی دیكە پرسە و هاوخەمیی خۆمان بۆ بنەماڵەكانی شەهیدان دەردەبڕین، سەری ڕێز و وەفا بۆ گیانی پاكیان دادەنەوێنین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین.
شەهید نامرن
سەركەوتووبێت خەباتی ڕەوای گەلەكەمان
كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان كۆنسەی بەڕێوەبەریی
17ی تەموزی 2026