كۆمەڵە ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشەكەی ئێران بڵاوكردەوە

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 599 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شارپرێس:

كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان لەبارەی هێرشەكەی ئەمڕۆی ئێران و شەهیدبوونی ژمارەیەك پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.

لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە "لە دەرئەنجامی هێرشێكی قورس و چڕی موشەكی بۆ سەر چەندین بارەگا و ئوردوگای دەوروبەری زرگوێزەڵە لە  كاتژمێر ٦ی  بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەداخەوە ٩ پێشمەرگەی كۆمەڵە بە ناوەكانی فەرهاد قەمەری خەڵكی  دیواندەرە، سروش نەسری خەڵكی مەریوان، سینا سەفەری خەڵكی شاباد، یاسین كیانپور خەڵكی شازەند، ئەحمەد مەحموودی خەڵكی  بانە، رەزا سادقی خەڵكی بۆكان، كەسرا رەحمانەژاد خەڵكی بۆكان، سیاوان نیكی خا خەڵكی بۆكان، زەكەریا فەقێ حەسەن ئاقا خەڵكی بۆكان، گیانی ئازیزی خۆیان بەخت كرد".

راگەیاندنی كۆمەڵە سەبارەت بە دوایین موشەكبارانی بنكە و بارەگاكانی:

كۆمەڵانی خەڵكی تێكۆشەری كوردستان ئاگادار دەكەینەوە كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٦ ی پووشپەڕی ی ١٤٠٥هەتاوی ، ١٧ی جولای ٢٠٢٦ی زایینی، كۆماری ئیسلامی جارێكی دیكە هێرشی كردە سەر بارەگا و مەقەڕەكانی كۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران. لە دەرئەنجامی هێرشێكی قورس و چڕی موشەكی بۆ سەر چەندین بارەگا و ئوردوگای دەوروبەری زرگوێزەڵە لە  كاتژمێر ٦ی  بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەداخەوە ٩ پێشمەرگەی كۆمەڵە بە ناوەكانی فەرهاد قەمەری خەڵكی  دیواندەرە، سروش نەسری خەڵكی مەریوان،سینا سەفەری خەڵكی شاباد، یاسین كیانپور خەڵكی شازەند،ئەحمەد مەحموودی خەڵكی  بانە،رەزا سادقی خەڵكی بۆكان،كەسرا رەحمانەژاد خەڵكی بۆكان،سیاوان نیكی خا خەڵكی بۆكان، زەكەریا فەقێ حەسەن ئاقا خەڵكی بۆكان،گیانی ئازیزی خۆیان بەخت كرد.

ئەمە یەكەم جار نییە كە كۆماری ئیسلامی بە هێرشی تێرۆریستی و ترسنۆكانەی لەو جۆرەوە هێرش دەكات و هەر لە دەستپێكی شەری ٣٩ رۆژەوە تائێستا نزیكەی ٤٠ جار و بە زیاتر لە سەدان دروۆن و موشەك هێرشی كردووەتە سەر بارەگاكانی كۆمەڵە و لەو ڕێگەوە  ویستوویەتی ورەی گەلمان بڕووخێنێ و هەنگاومان سست بكات، بەڵام ئەوەی سەرشۆڕ و داڕماو و دۆڕاوە هەر كۆماری ئیسلامییە و بە دڵنییایەوە ئەو ڕژیمە تاوانبارە دوا پەلەقاژەكانی مەرگیەتی و دوور نییە ئەو ڕۆژەی تۆڵەی هەموو تاوانەكانی لێدەسێندرێتەوە. كومیتەی ناوەندی كۆمەڵە وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لە گەڵ هەموو هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان ، هەروەها بنەماڵەی سەربەرزی نوێترین گیانبەختكردووانی رێگەی رزگاری و ئازادی، سەرجەم خەڵكی كوردستان كە دڵیان لە گەڵ دڵی پێشمەرگە لێدەدات و بە تایبەت خەڵكی قارەمانی شارەكانی دیواندەرە، شاباد، مەریوان، شازەند، بانە وبەتایبەت شاری بۆكان كە چوار ئەستێرەی گەشی پێشكەشی كاروانی سەربەرزی شەهیدان كرد دەكەین. هەروەها ڕایدەگەیێنین كە خوێنی گەشی ئەو هاوڕێیانە، ئەو نوێترین شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاری كە ئاواتیان بینینی كوردستانی ئازاد و ئاوەدان بوو بەفیڕۆ ناچێ، بەڵكوو دەبێتە هەوێنی شۆرشی گەرم و گوڕتری گەلەكەمان و سورترمان دەكات لە درێژەی خەباتمان بە دژی ئەو ڕژیمە دیكتاتۆر و ترۆریستە. 

سەركەوێ بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی كورد
بڕووخێ كۆماری ئیسلامی ئێران
سكرتاریەتی كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵە
٢٦ی پوشپەری ١٤٠٥
١٧ی جولای ٢٠٢٦