شارپرێس:
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی هێرشە موشەكییەكانی بەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە حەوت موشەك هێرشكرایە سەر گوندەكانی زڕگوێزەڵە، قسرد و ناوچەی قەرەداغ.
لە راگەیەندراوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێمدا ئاماژە بەوەكراوە، كاتژمێر 6:20ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بە حەوت موشەك هێرشكراوەتە سەر چەند شوێنێك، بەجۆرێك زڕگوێزەڵە بە چوار موشەك كراوەتە ئامانج، لە گوندی قسرد یەك موشەك كەوتووەتە خوارەوە و هەروەها نزیك گردی كوپان لە قەرەداغ بە دوو موشەك كراوەتە ئامانج.
دەزگاكە راشیگەیاند، تیمەكانیان لە ئێستادا لە شوێنی ڕووداوەكانن و بەدواداچوونی ورد و بەردەوام ئەنجام دەدەن، بە مەبەستی زانین و دەستنیشانكردنی قەبارەی تەواوی زیانە گیانی و مادییەكان كە بەهۆی هێرشەكانەوە كەوتوونەتەوە.