شارپرێس:
ستراتیژیی دەرەوەی عێراق بەرەو قۆناغێکی ئێجگار هەستیارو تەماوی هەنگاو دەنێت، سەردانە یەک لەدوای یەکەکانی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق له13ى ئهم مانگه بۆ ئەمریکا له23ى ئهم مانگهش بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، گوزارشت لەکێشەیەکی گەورە دەکەن لەسەر چۆنیەتی داڕشتنەوەی پهیوەندییەکانی بەغدا لەنێوان واشنتۆنو تاراندا، ئەم گەشتە دیپلۆماسییانە هاوکاتن لەگەڵ گرژییە بەردەوامەکانی گەروی هورمزو لێڵیو نادیاریی داهاتوی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکاو ئێران.
سافیناز محەمەد ئەحمەد شارەزا لەکاروباری سیاسیى عەرەبیو سەرنوسەری بڵاوکراوەی بەدائل، لەشیکردنەوەیەکی قوڵدا ئاماژە بەوەدەکات، عێراق لەئێستادا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی ئێجگار سەختدایە؛ وهكو ئهو دهڵێت، "تاقیکردنەوەیەک لەنێوان هێشتنەوەی شەراکەتی ستراتیژیی لەگەڵ ئەمریکا یان کەوتنە ناو داوی پاشکۆیەتی تەواو بۆ ئێران".
بهگوێرهى تێڕوانینی ئەو شارەزایە، نزیکبونەوەی کاتیی کۆتاییهاتنی بونی سەربازیی ئەمریکا بەو شێوازە کۆنەی پێشتر، پێویستی بەگۆڕینی فۆرمی پهیوەندییەکان هەیە بۆ هاوکاریی دولایەنە لەبوارەکانی ئابوریی، وزەو ڕامیاریدا، لهلایەکی دیکەوە، سافیناز ئەحمەد هۆشداریدەدات، ئەگەری گەڕانەوەی شەڕی ڕاستەوخۆی ئەمریکاو ئێران، دەبێتە هۆی قوڵکردنەوەی قەیرانە ئابورییەکانی عێراق، بەتایبەت لەکەرتی کارەبا، نەوتو غازدا.
سەردانەکەی زەیدیی بۆ واشنتۆن لەسەر بانگهێشتی فەرمیی دۆناڵد ترەمپ بوو، سافیناز پێیوایە، "ئەم بانگهێشتە نیشانەی خواستێکی ڕونی ئەمریکایە بۆ پشتگیریکردنی زەیدیی تا بتوانێت ڕوبەڕوی گوشارەکانی ئێران ببێتەوە، زەیدیی بەجدی کاریکردوە بۆ تەنها هێشتنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، ئەمەش وەک جێبەجێکردنێکی ناڕاستەوخۆی پلانی نێردەی ئەمریکا (تۆم باراک) دەردەکەوێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکانو پێداچونەوە بەپێگەی حەشدی شەعبی لەسیستەمی حوکمڕانیدا، زەیدی-ش دەیەوێت بەڕەخساندنی دەرفەت بۆ کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا، هاوسەنگییەک لەدەرەوەی بازنەی کاریگەریی ئێران دروستبکات".
ئەم کرانەوە خێرایەی زەیدیی بەرانبەر واشنتۆن، کاردانەوەی توندی ئێرانییەکانی لێکەوتەوە، شیکردنەوەکە تیشکدەخاتەسەر لێدوانە توندەکەی عەلی ولایەتی ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران کە سەردانەکەی زەیدیی بۆ ئەمریکا بە(شەرمەزاریو نهنگى) ناوبردو زەیدیی وەک "گەنجێکی کەمئەزمون" وەسفکرد، ئەمەش نیشانەی ترسی ڕاستەوخۆی ئێرانە لەلاوازبونی پڕۆژە هەرێمییەکەی.
هەرچەندە مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بەشێوازێکی فەرمی پێشوازیی لەزەیدیی کردو سەردانەکەی بە"یەکلاکەرەوە" دانا بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکانی وزەو کشتوکاڵ، بەڵام بهگوێرهى زانیارییەکانی سافیناز ئەحمەد، ناوەندە توندڕەوەکانی تاران پێیانوایە، زەیدیی قورساییەکی ڕامیاریی ئەووتۆی نییە تا بتوانێت ڕۆڵی نێوەندگیر لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا بگێڕێت، سەرەڕای ئەوەی پەیامی تایبەتی واشنتۆنی گەیاندوەتە تاران بۆ سازدانی دیداری ناڕاستەوخۆ لەبەغدا.
سافیناز ئەحمەد لەکۆتایی شیکردنەوەکەیدا ئاماژە بەخاڵێکی سەرنجڕاکێش دەکات؛ تاران هەرچەندە دژی باڵادەستیی ئەمریکایە، بەڵام بەهۆی ئەو گوشارە زۆرانەی لەسەریەتی، ڕەنگە ڕازیبێت عێراق لەداهاتودا لەناو هاوکێشەیەکی "بێلایەنی هاوسەنگدا" بێت، ئەمەش بەشێکە لەپراگماتیزمی ئێرانی بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی، لەبەرامبەریشدا ئەمریکا دەیەوێت بەهاوکاریی زەیدیی، عێراق بەرەو هاوکاریی زیاتر لەگەڵ تورکیا، ئوردن، لوبنانو سوریای نوێ ببات، تا نەخشەی کارلێکی هەرێمی بەجۆرێک بکێشێتەوە کە خزمەت بەبەرژەوەندییە جیۆستراتیژییەکانی واشنتۆن بکات.
سیاسەتی کرانەوەی حکومەتەکەی زەیدیی بەرامبەر ئەمریکا، بەواتای دژایەتیکردنی ڕەهای ئێران نایەت، بەڵکو هەوڵێکە لەلایەن بەغداوە بۆ فرەچەشنکردنی بژاردە ڕامیارییو ئابورییەکانی، تا چیتر چارەنوسی وڵاتەکە تەنها بەستراوەی یەک لایەنی هەرێمیی نەبێت، هەرچەندە سەرکەوتنی ئەم هاوسەنگییە بەستراوەتەوە بەتوانای ئەمنیی حکومەت لەکۆنترۆڵکردنی ناوخۆو گروپە چەکدارەکاندا.