ژمارەی دانیشتوانی ژاپۆن بۆ نزمترین ئاستی 42 ساڵی ڕابردوو دادەبەزێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1378 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بۆ یەکەمجار لەدوای زیاتر لەچوار دەیە، ژمارەی هاوڵاتیانی ڕەسەنی ژاپۆن بۆ خوار 120 ملیۆن کەس دابەزی، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ چوارەم گەورەترین ئابوریی جیهان کە بەدەست پیربونی خێرای دانیشتوان‌و کەمبونەوەی مێژویى ڕێژەی لەدایکبونەوە دەناڵێنێت.


به‌گوێره‌ى نوێترین ڕاپۆرتی وەزارەتی ناوخۆی ژاپۆن، ژمارەی هاوڵاتیانی وڵاتەکە گەیشتوەتە 119.73 ملیۆن کەس کە پاشەکشەیەکی 0.76%ى بەراورد بەساڵی ڕابردوو تۆمارکردوە، ئەم دابەزینەش بۆ ماوەی 17 ساڵە لەسەریەک بەردەوامە.

لەبەرامبەردا، ژمارەی نیشتەجێبوانی بیانی گەیشتوەتە بەرزترین ئاستی مێژویی خۆی کە بەزیادکردنی ئەوانیش، ژمارەی گشتیی دانیشتوانی کۆمەڵە دورگەكانیش دەگاتە 123.76 ملیۆن کەس.

ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، تێکڕای منداڵبون لەژاپۆن گەیشتوەتە نزمترین ئاستی پێوانەیی (1.14 منداڵ بۆ هەر ژنێک)، ئەمەش بوەتە هۆی دروستبونی قەیرانی توندی کەمبونی هێزی کار، بارگرانی دارایی لەسەر سیستمی دەستەبەری کۆمەڵایەتی‌و کەمبونەوەی ڕێژەی باجدەران.

سەرەڕای ئەوەی سانای تاکایشی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، سیاسەتێکی توند بەرامبەر بەکۆچبەرانی بیانی په‌یڕەو دەکات، بەڵام حکومەت چەندین ڕێکاری گرتوەتەبەر بۆ هاندانی گەنجان بۆ هاوسەرگیریی‌و منداڵبون؛ لەوانەش پێشکەشکردنی یارمەتی دارایی، مۆڵەتی باوکایەتی‌و تەنانەت دروستکردنی ئەپڵیکەیشنی ناسیاوی حکومی بەپشتیوانی ژیریی دەستکرد کە تائێستا توانیویەتی زیاتر لە 260 پرۆسەی هاوسەرگیریی به‌ڕێوه‌ببات.