شارپرێس:
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی نوێی ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژییو نێودەوڵەتی (CSIS)، کۆگاکانی چەکی پێشکەوتوی ئەمریکا، بەتایبەت موشەکەکانی بەرگریی ئاسمانی لەجۆری (پاتریۆتو تاد)، بەهۆی پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکانی ئەمدواییانە لەگەڵ ئێراندا، توشی کەمبونەوەیەکی بهرچاو بونهتهوه.
ڕاپۆرتەکە پشت بەزانیاریی ناوخۆیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) دەبەستێتو ئاشکرایدەکات، لەئێستادا کەمتر لە827 موشەکی پاتریۆتو کەمتر لە278 موشەکی تاد لەکۆگاکانی ئەمریکادا ماونەتەوە، ئەمەش دابەزینێکی ئێجگار قورسە، چونکە پێش دەستپێکردنی شەڕەکە، ژمارەی موشەکەکانی پاتریۆت نزیکەی دوو ههزارو 200 دانەو موشەکەکانی تاد-یش 452 دانە بون، کە وەک بڕبڕەی پشتی بەرگریی ئەمریکا دژی موشەکە بالیستییەکان سەیر دەکرێن.
شارەزایان هۆشداریدەدەن، ئەم کەمبونەوەیە، واشنتۆنو هاوپەیمانەکانی ناچاردەکات ڕێژەی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان کەمبکەنەوەو مەترسیی زیاتر لەئەستۆبگرن، چونکە هیچ بەدیلێکی کاریگەر بۆ ئەم دوو سیستمە لەئارادانییە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دانی بەپێویستیی بونیادنانەوەی کۆگاکانی چەکدا ناوە، بەڵام هاوکات ژەنەراڵ دان کین سەرۆکی دەستەی ئەركانی هاوبەش بەئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ڕاگەیاندوە، پێنتاگۆن ناتوانێت چەکی پێویست دابینبکات مەگەر کۆنگرێس ڕەزامەندیی لەسەر بودجەی زیادە دەربڕێت.
ئەم قەیرانە گەیشتوەتە ئاستێک کە بهگوێرهى ڕاپۆرتە میدیاییەکان، فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا لەترسی بهكارهێنانى موشەکە گرانبەهاکانیان، چاوپۆشی لەتێکشکاندنی هەندێک لەو موشەکە ئێرانیانە دەکەن کە ئاڕاستەی ناوچە چۆڵەکانی ناو بنکە سەربازییەکانیان دەکرێن.
ئەم کێشەیە کە بەشێکی بۆ ناردنی بڕێکی زۆری چەک بۆ ئۆکرانیا لەسەردەمی ئیدارەی پێشودا دەگەڕێنرێتەوە، ئهگەرچی لەم ڕۆژانەدا گرێبەستی نوێ بۆ چاککردنی بزوێنەری موشەکەکان واژۆکراوە، بەڵام بونیادنانەوەی تەواوەتیی کۆگاکان، پێویستی بەچەندین ساڵ کارکردن هەیەو توانای ئەمریکاش بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەگەریی چین یان کۆریای باکور دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
