هادی عامری هاته‌ده‌نگ‌و له‌باره‌ى ڕێكه‌وتنى ئه‌منى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2749 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هادی عامری ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر بەیاننامەیەکی توندی لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی بڵاوکردەوەو تێیدا داوای لەحکومەتی عێراق کردوه‌، هەڵوێستێکی توندو یەکلاکەرەوە وەربگرێت، هاوكات داوای پێداچونەوەی گشتگیر بەسەرجەم پەیوەندیی‌و ڕێککەوتننامە ئەمنییەکانی نێوان بەغداو واشنتۆن ده‌كات.


عامری لەبەیاننامەکەیدا نوسیویه‌تى،  بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ئاسمانییە ناپاکانەو بێ پاساوە ده‌كه‌ین كه‌ لەلایەن هێزەکانی سعودیەو بەپاڵپشتیی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا کرایەسەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەچەندین ناوچەی عێراق ئەنجامدراوه‌ كه‌ بوه‌ هۆى كوژران‌و برینداربونی ژمارەیەک لەپاڵەوانانی حەشد".

عامرى داوای لەحکومەتی عێراق کرد هەڵوێستێکی توندو یەکلاکەرەوە بەرامبەر بەم بەزاندنه‌ى سەروەریی وڵاتە وەربگرێت، بەتایبەت کە حەشدی شەعبی ڕۆڵی سەرەکی هەیە لەچەسپاندنی ئاسایش‌و ڕاوەدونانى پاشماوەکانی داعش".

ئاماژەی بەوەکرد، عێراقییەکان سەرسامبون بەو هێرشە ئاشکرایەی وڵاتێکی دراوسێ کە عێراق هەمیشە دەستی برایەتی‌و هاوکاریی بۆ درێژکردوە، کاتێک لەساڵانی ڕابردودا بەوپەڕی سەرکوت‌و دانبەخۆداگرتنەوە مامەڵەی کردوە سەرەڕای ئەوەی خاکی ئەو وڵاتە ببوە خاڵی دەستپێک‌و پاڵپشتی بۆ ناردنی هەزاران خۆکوژو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو بۆ ڕشتنی خوێنی عێراقییەکان.

عامری نیگه‌رانى خۆی نیشاندا کە سعودیە ئەم ڕێبازە دوژمنکارییە بەرامبەر بەعێراق پەیڕەو دەکات لەکاتێکدا بەغدا هەمیشە هەوڵی دامرکاندنەوەی ئاگری شەڕو چاککردنی پەیوەندییەکانی داوە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، "سعودیە بەبێ هیچ بەڵگەو پاساوێک ئەمکارەی کردوەو ئامانجی سەرەکیشی بچوککردنەوەی ڕۆڵی عێراقە لەناوچەکەدا کە هەمیشە داوای ئاشتی دەکات".

سەبارەت بەڕۆڵی ئەمریکاش، عامری ڕایگەیاندوه‌، "پاڵپشتیکردنی واشنتۆن بۆ ئەم هێرشە دڕندەیە، ویلایەتەیەکگرتوەکان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی یاسایی‌و ئەخلاقی گەورە، لەکاتێکدا دەبوو ئەمریکا پابەندبێت بەڕێککەوتننامە ئەمنییەکەی لەگەڵ عێراق بۆ بەرگریکردن لەئاسایش‌و سەروەریی وڵات دژی هەر دەستدرێژییەکی دەرەکی".

ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر جەختیکردەوە، ئەم ڕەفتارە دوژمنکارییە وادەکات پێداچونەوەیەکی گشتگیر بەتەواوی پەیوەندییەکان‌و ڕێککەوتننامە ئەمنییەکانی نێوان عێراق‌و ئەمریکا بکرێت، بەجۆرێک کە لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان بگونجێت‌و کەرامەت‌و سەروەریی عێراق بپارێزێت.

لەکۆتاییدا، عامری ئاماژەی بەوەکردوه‌، ناوچەکە لەقۆناغێکی هەستیاردایەو پێویستی بەهەڵوێستێکی نیشتمانیی یەکگرتوو هەیە بۆ بەرگریکردن لەسەروەریی‌و پاراستنی خوێنی عێراقییەکان.