تاران گەورەترین کارتی فشاری زەمینی لەواشنتۆن تێکدەشکێنێت.. سوپای پاسداران سنورەکانی هەرێم دەکاتە قەڵایەکی سەربازیی

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6730 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوکات لەگەڵ چڕبونەوەی پێكدادانە چەکدارییەکان‌و هێرشە درۆنییەکان لەناوچە سنورییەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران پرۆسەی کۆکردنەوەی هێزە تایبەتەکانی سوپای پاسدارانی لەسەر سنوری هەرێمی کوردستان خێراترکردوە، ئەمەش وەک ستراتیژێکی نوێ بۆ لەناوبردنی دوایین کارتی فشاری زەمینی ئەمریکاو ئیسرائیل‌و دورخستنەوەی هەر مەترسییەکی ناوخۆیی لەکاتی ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی گەورەدا.


لەچەند هەفتەی ڕابردودا، ناوچە سنورییەکانی نێوان ئێران‌و هەرێمی کوردستان شایەتی جموجۆڵێکی سەربازیی بون هه‌م له‌لایه‌ن هێزه‌ كوردیه‌كانى ڕۆژهه‌ڵات‌و هه‌میش له‌لایه‌ن سوپاى پاسدارانه‌وه‌، هاوکات ئه‌وه‌ش بوە هۆكار بۆ پێکدادانی چەکداریی لەبانەو هێرشی ئاسمانیی لەپیرانشار، ئەم جوڵانە لەکاتێکدان کە تاران لەکۆی 15 وڵاتی هاوسنوری، هێڵە جوگرافییەکەی هەرێمی کوردستان، بەمەترسیدارترین بەرەی سەربازیی خۆی دەزانێت.

به‌گوێره‌ى شیکارییە ئەمنییەکان، کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئەم سنورە لەلایەن تارانەوە، هێزی گفتوگۆی ئەمریکا لەهەر دانوستانێکی داهاتودا پەکدەخات؛ چونکە واشنتۆن هەرچەندە توانای هێرشی ئاسمانی‌و گەمارۆی ئابوریی هەبێت، بەڵام تەنها هێزی فشاری زەمینی کە بتوانێت لەناوخۆدا باڵانسی هێز لەدژی ئێران بگۆڕێت، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵاتن کە لەهەرێمی کوردستان نیشتەجێن.

ئەم پێشڕەوییە سەربازییەی سوپای پاسداران، لەلایەک بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو سیناریۆ تیۆرییەیە کە پێشتر لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ دروستکردنی بەرەیەکی زەمینی لەپیرانشارو شنۆ داڕێژرابوو، لەلایەکی دیکەشەوە بۆ بەرگرتنە لەپلانی "سەرقاڵکردنی سوپا"، تارانیش پێیوایە، لەئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان یان دورگەکانی کەنداو، بونی بەرەیەکی چالاک لەکوردستان سەرنج‌و هێزی سەربازیی ئێران بەرەو باکوری ڕۆژئاوا پەرش‌و بڵاو دەکات، بۆیە دەیەوێت پێشوەختە ئەم دەروازەیە بەتەواوی دابخات.