شارپرێس:
خانەوادەو بنەماڵەی کاسبکار (سدیق عەبدولڕەحمان حەمەد باجەلانی) کە لەماوەی ڕابردودا بەشێوازێکی دڕندانه لەسنوری پارێزگای سلێمانی ڕفێندراو دوای کوشتنی تەرمەکەی سوتێندرا، بەیاننامەیەکی توندو هۆشداریکەرەوە ئاراستەی ڕای گشتیی، دەسەڵاتی دادوەرییو لایەنە ئەمنییەکان دەکەنو ڕایدەگەیەنن، دەبێت قورسترین سزا (تۆڵەی هاوشێوە) بەسەر بکوژاندا جێبەجێبکرێت، بەپێچەوانەوە خۆیان دەستکراوە دەبن بۆ تۆڵەکردنەوە.
بنەماڵەی کۆچکردوو لەپەیامێکدا وێڕای دەربڕینی سوپاسو پێزانینی بێپایانیان بۆ هاوڵاتیان، کەسایەتییە سیاسییو کۆمەڵایەتییەکانو دەزگا ئەمنیو دادوەرییەکانی پارێزگای سلێمانیو ئیدارەی ڕاپەڕین کە لەم خەمە گەورەیەدا لەگەڵیان بون، تیشکدەخەنەسەر دڕندەیی ئەو تاوانەی بەرامبەر کوڕەکەیان کراوە.
ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن، سدیق باجەلانی پیاوێکی کاسبو بێتاوان بوەو تەنها لەپێناو بڕێک پارەدا ڕفێندراوە، کوژراوەو دواتر لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا سوتێندراوە، بەوەش پێنج منداڵ بێباوکو دایکو باوکێکی بەساڵاچوش جەرگ سوتاو کراون.
لەو چوارچێوەیەدا، بنەماڵەی قوربانییەکە دوو هۆشدارییو داواکاریی بنەڕەتی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەنو داوادەکەن یاساو بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام بەسەر تاوانباراندا جێبەجێبکرێتو بەهەمانشێوازی دڕندە سزابدرێنەوە بۆ ئەوەی ببێتە پەندو تاوانی وا دوبارە نەبێتەوە، ڕاشکاوانە دەڵێن، "حکومەتو دەسەڵاتی دادوەریی ئەوەی بۆکردین باشە، ئەگەرنا خۆمان هەڵدەستین بەتۆڵەکردنەوە".
لههۆشداریی دوهمیشدا دهڵێن، "هۆشداریی توند دەدەینە بنەماڵەو خزمانی بکوژان کە بەهیچ شێوەیەک قبوڵی هیچ جۆرە دەستتێوەردان، سوڵحی عەشایەری یان هەوڵێک بۆ دەربازکردنی تاوانباران لەیاسا ناکەینو هەرکەسێکیش نزیکی ئەم کەیسە بکەوێتەوە، بەهەمانشێوەی بکوژەکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین".
لهکۆتایی بەیاننامەکەیاندا، بنەماڵەی شەهید (سدیق عەبدولڕەحمان باجەلانی) هیوایانخواستوە کە دەزگا ئەمنیو دادوەرییەکان وەک چۆن تائێستا بەباشی کەیسەکەیان بەڕێوەبردوە، تا گەیشتن بەئەنجامی کۆتاییو جێبەجێکردنی دادپەروەریی، لەسەر هەمان ڕێڕەو بەردەوامبن.
بهگوێرهی بەیاننامەی فەرمی خێزانەکەییو زانیارییە بڵاوکراوەکان، سدیق عەبدولڕەحمان حەمەد باجەلانی تەنها لەپێناو بڕێک پارەدا ڕفێندراوهو دزینی پارەکەی، لەسنوری چیای ماکۆک کوژراوەو تەرمەکەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا سوتێندراوە، تەرمی کۆچکردوو لەکاتێکدا دۆزراوەتەوە، لەناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا سوتێندرابوو بۆ ئەوەی شوێنپێی تاوانەکە ونبکرێت، لهبنهڕهتیشدا ئهوكهسه دانیشتوی قەزای حاجیاوا بوە.
