شارپرێس:
لەکاتێکدا حکومەتهكهى زەیدیی لەژێر فشاری قەرزی ناوخۆیی 106 ترلیۆن دیناریدا دەناڵێنێت، پەرلەمانتاران داوای چارەسەری ڕیشەیی دەکەن، ئەوان پێیانوایە، لەجیاتی هەڕاجکردنی موڵکەکانی دەوڵەت، پێویستە حکومەت کار بۆ گەڕاندنەوەی 200 ملیار دۆلاری دزراوی عێراق بکات کە لەلایەن گەندەڵکارانەوە براوەتە دەرەوە، یان وەک بژاردەیەکی ناچاریی، بانکی ناوەندیی پەنا بۆ چاپکردنی دراوی نوێ ببات، سەرەڕای مەترسییەکانی بەرزبونەوەی هەڵاوسانو گرانبونی بازاڕ.
وادیارە فرۆشتنی موڵکو داراییەکانی دەوڵەت بوەتە دەرچەیەک بۆ ڕزگاربون لەقەیرانی دارایی، ئەمەش لەکاتێکدایە کە خەمڵاندنەکان باس لەبونی نزیکەی 600 هەزار خانوبەرەو موڵکی حکومی دەکەن کە نزیکەی هەزار کۆشکی پاشماوەی ڕژێمی پێشویان تێدایە.
ناوەندە سیاسییەکان پێیانوایە، گۆڕینی بەشێک لەم موڵکانە بۆ پارەی کاش (نەختینە)، دەکرێت بڕی پێویست بۆ بودجەی گشتی دابینبکات کە بەشی موچەی زیاتر لەساڵێک بکات، ئەمەش زیندوکردنەوەی پێشنیازێکی کۆنە کە لەژێر فشاری قەیرانی ئێستادا دوبارە هێنراوەتەوە بەرباس، بەڵام ئەو کێشەیەی کە ڕوبەڕوی عەلی زهیدیی سەرۆکی حکومەت دەبێتەوە تەنها ئەوەنییە کە دەوڵەت خاوەنی چەندە؟ بەڵکو ئەوەشە، لەڕاستیدا چەندی لەم موڵکانە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا ماونەتەوە؟ کێ کلیلەکانی فرۆشتنیانی بەدەستەوەیەو بەچ نرخێک دەفرۆشرێن؟
لەبەرامبەردا، نەیارانی زهیدیى چاوەڕێی هەڵەکانی دەکەن، هاوکات سیناریۆیەکی سیاسیی باس لەئەگەری دەستلەکارکێشانەوەی ئەو دەکات لەکۆتایی ساڵداو ڕۆیشتن بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەمەش لەسەر پاشخانی ئەوەی کە ئەوان بە "شێواوییو سەرلێشێواوی" لەبەڕێوەبردنی هەردوو مەلەفی چەکو داراییدا وەسفیدەکەن.
بۆ درێژکردنەوەی کارپێکردنی هێڵی کەرکوک
بۆ قەرەبوکردنەوەی بەشێک لەزیانەکانی داهات، بەغدا لەگەڵ ئەنكەرە ڕێککەوتنێکی واژۆکرد بۆ درێژکردنەوەی کارپێکردنی هێڵی (کەرکوکـ جهیهان) ئەمەش ڕێگە بەعێراق دەدات دەست بەناردنەدەرەوەی نەوت بکاتەوە لەڕێگەی خاکى تورکیاوە بەتوانای 750 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا، بەڵام بهگوێرهى بۆچونی ناوەندە سیاسییەکان، ئەم هەنگاوە بەتەنها بەس نییە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە.
حکومەت، بهگوێرهى خەمڵاندنە باوەکان، مانگانە پێویستی بەنزیکەی ههشت ترلیۆن دینار هەیە بۆ دابینکردنی موچە، ئەمە جگە لەپابەندییە داراییەکانو قەرزی گشتیی کە نزیک دەبێتەوە لە 100 ترلیۆن دینار.
600 هەزار موڵكو خانوبەرە.. سەروەتێکی گەمارۆدراو بەسەرپێچییەکان
دوبارە لەبەغدا پێشنیازێکی کۆن بۆ دەربازبون لەقەیرانی دارایی هێنراوەتەوە بەرباس، ئەویش فرۆشتنی موڵکو داراییەکانی دەوڵەتە، ئەم بیرۆکەیە لەقەیرانەکانی پێشوداو لەسەردەمی حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی دەرکەوت، کاتێک نرخی نەوت بۆ 30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزیی، بەڵام ئێستا لەبارودۆخێکی زۆر سەختتردا دوبارە دەخرێتەوەڕوو.
سەرچاوە سیاسییەکان دهڵێن، پێشنیازەکە بریتییە لەفرۆشتنی بەشێک لەموڵکەکانی دەوڵەت کە بە600 هەزار خانوبەرە دەخەمڵێنرێن، لەنێویاندا نزیکەی هەزار کۆشکو دامەزراوە هەن کە بۆ سەردەمی سەدام حوسێن دەگەڕێتەوە، خەمڵاندنەکانیش ئاماژە بەوەدەکەن، بەهای ئەو موڵکانە ڕەنگە لە 150 ملیار دۆلار زیاتربێت، ئەم ژمارەیەش ئەگەر بەڕاستی بەدی بێت، یەکسانە بەموچەی زیاتر لەساڵێکی دەوڵەت.
وهكو چاودێرانیش ئاماژهى پێدهكهن، شتە سەیرەکە ئەوەیە، ئەو دەوڵەتەی کە بەدوای فرۆشتنی موڵکەکانیدا دەگەڕێت بۆ دابینکردنی موچە، ڕەنگە لەبنەڕەتدا خۆی توانای ئەوەی نەبێت کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر هەموو ئەو موڵکانەدا بگەڕێنێتەوە، عەممار مەشهەدانی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی وتویهتى، "زیاتر لە20 هەزار موڵکی سەر بەدەوڵەت زیادهڕهویان کراوەتەسەر".
لایەنە پەرلەمانییەکان، ههریهك له(هێزە سیاسییەکان، ڕەوتەکانو گروپە چەکدارەکان) تۆمەتباردەکەن بەوەی، دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆری خانوبەرە حکومییەکاندا گرتوە، هاوکات لایەنە پەرلەمانییەکان دەڵێن، نزیکەی 70٪ی موڵکەکانی دەوڵەت لەساڵانی ڕابردودا بەشێوازێکی ناڕون فرۆشراون.
سەرچاوەو پسپۆڕان، ژمارەی کۆشکو دامەزراوە سەرۆکایەتییەکانیان کە لەسەردەمی سەدامدا دروستکراون بەهەزار کۆشکو دامەزراوە دەخەمڵێنن، کە نزیکەی 200 دانەیان لەناو بەغدای پایتەختى عێراقدان.
دوای ساڵی 2003، ئەرکی ئەم کۆشکانە گۆڕدران، هەندێکیان کران بەبارەگای حکومیی، هەندێکی دیكهشیان بۆ بەکارهێنانی سیاسیی یان حزبی بەکارهێنران، لەکاتێکدا هەندێکی دیكهش کران بەهاوینەهەوارو شوێنی گەشتیاریی، حکومەتیش دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوو، هەزاران خانوبەرەی دەستبەسەرداگرت کە هۆکارەکەیان بۆ سەرکردەو بەرپرسانی ڕژێمی پێشوو دەگەڕایەوە، بەتایبەت ئەوانەی پۆستی باڵایان لەسەرکردایەتی سەربازیی، ڕێکخستنەکانی حزبی بەعسو دەزگا ئەمنییەکاندا هەبوو.
بەمشێوەیە، دەوڵەت بوە خاوەنی سێکتەرێکی گەورەی خانوبەرە، بەڵام بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو نەگۆڕدران بۆ سەرچاوەیەکی دارایی ڕێکخراوو بەردەوا، ئەمڕۆو لەژێر فشاری دابینکردنی موچەدا، پرسیارەکە دەگەڕێتەوە، ئایا کاتی ئەوە هاتوە ئەم سەروەتە یهكلابكرێتهوه؟
سێ بژاردەکەی زهیدیی.. موڵکەکان، دۆلارو پارە دزراوەکان
پێشنیازی فرۆشتنی خانوبەرەکان جیا نییە لەپلانێکی بەربڵاوتر کە عەلی زهیدیى سەرۆکی حکومەت لەحوزەیرانی ڕابردودا پێشکەشی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردو لەژێر ناونیشانی (کۆتایهێنان بەئابوریی مەرکەزیی حکومی یان پشتبەستن بەکەرتی تایبەت) بانگهشهى بۆکرد.
وهكو سهرچاوهكان باسیدهكهن، پلانەکە، لەسەر بنەمای پێداچونەوەیە بەخاوەندارێتی دەوڵەت بۆ ئەو دامەزراوانەی چالاکی بەرهەمهێنانیان هەیەو قەرزیان لەسەر کەڵەکە بوە، هەروەها گواستنەوەی خاوەندارێتی هەندێکیان وەک یەکێک لەڕێڕەوە سەرەکییەکان بۆ سوککردنی بارگرانی دارایی سەرشانی حکومەت سەیر دەکرێت، بەڵام زانیارییەکان سنوردار مانەوەو پێشنیازەکە بەبێ کاردانەوەو گومانی سیاسیی بەڕێوەنەچوو.
پسپۆڕانی ئابوریی هۆشدارییاندا کە قەیرانی دارایی لەوانەیە لەڕوی عەمەلییەوە حکومەت ناچاربکات موڵکەکان لەژێر فشاری پێویستی بەنەختینە (پارەی کاش) بفرۆشێت، نەک بهگوێرهى پلانێکی ئابوریی درێژخایەن.
ئەم بژاردەیە بۆ حکومەتی پێشوی محەمەد شیاع سودانیش نوێنەبوو، چونکە لەسەردەمی حکومەتەکەیدا باسی لێوەکرا لەسەر شێوازی گۆڕینی موڵکە حکومییەکان بۆ سەرچاوەی داراییو لەوکاتەشدا هاوکاتبوو لەگەڵ هەمان ئەو هۆشدارییانەی کە تایبەتبون بەنەبونی شەفافییەتو نادروستی لەدیاریکردنی نرخەکاندا.
پلانەکە تەنها فرۆشتنی موڵکەکان نەبوو، زهیدیى لەکۆبونەوەی حوزەیراندا بیرۆکەی بەرزکردنەوەی دوبارەی نرخی دۆلاریشی خستەڕوو، بەبێئەوەی ئاشکرای بکات چ نرخێک لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە لەو کۆبونەوەیەدا باسی لێوەکراوە.
هەروەها بیرۆکەی گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان لەتۆمەتبارانی باڵای گەندەڵی خرایەڕوو، لەئەزمونێکی هاوشێوەی ئەوەی لەکاتی هەڵمەتی (ڕیتز کارڵتۆن) كه گەورەترین هەڵمەتی دژە گەندەڵی بوو لەسعودیە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لەبەرپرسانو بازرگانان لەهۆتێلێکی ڕیاز دەستبەسەرکرانو زیاتر لە106 ملیار دۆلاریان لێوەرگیرایەوە، ئەم هەڵمەتە وەک مۆدێلێک لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بۆ گەڕاندنەوەی پارەی بەتاڵانبراو لەگەندەڵکاران بەکارهێنرا.
زانیارییهكان باس لهوهشدهكهن، ڕێککەوتن لەگەڵ تۆمەتبارانی گەندەڵی دەرکەوتوە کە لەڕوی ڕاگەیاندنەوە بەدەستەواژەی "بیدەو بڕۆ دەرەوە" ناسراوە کە هەندێکیان لەسەر بنەمای پێدانی بڕە پارەیەک بەرامبەر ئازادکردن یان سوککردنی سزاکان بونیادنراون.
خەمڵاندنە سیاسییەکان باس لەبونی پارەیەکی زەبەلاح لەلای تۆمەتبارانی گەندەڵی دەکەن کە دەگاتە نزیکەی 200 ملیار دۆلار، بەڵام ئەوەی لەڕاستیدا گەڕێنراوەتەوە، بهگوێرهى ئامارە فەرمییەکان، زۆر لەوە کەمترەو لە 250 ملیۆن دۆلار تێپەڕینەکردوە، سەروەتە گەڕێنراوەکان زێڕ-یش بەبڕی نزیکەی 400 کیلۆگرامو نزیکەی 80 خانوبەرە لەخۆدەگرن.
لەحوزەیرانی ڕابردودا، زهیدیی تانکەکانی لەناو ناوچەی سەوزدا بۆ ڕاوەدوڕانی تۆمەتبارانی گەندەڵی جوڵاندو زیاتر لە 20 بەرپرسو پەرلەمانتاری دەستگیرکرد، بەڵام هەڵمەتەکە بێ باجی سیاسی تێپەڕنەبوو، دوای ئەوە ناڕەزایەتی لەلایەن هاوپەیمانەکانی لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا سەریهەڵدا، لەکاتێکدا هەندێک لەهێزەکان دەستیانکرد بەپرسیارکردن لەسەر سنورەکانی ئەم هەڵمەتە، کێ دەگرێتەوەو تا چەند دەڕوات.
ونکردنی قیبلەنما.. توڕەیی شیعە لەپشتی دەرگا داخراوەکانەوە
لەپشتی دەرگا داخراوەکانەوە، سیاسییەکی شیعە وتویهتى، سەرۆک وەزیران ڕوبەڕوی ڕەخنەی هاوبەشەکانی دەبێتەوە لەهاوپەیمانی شیعەدا، چونكه پێیانوایە، ئەو قیبلەنمای ونکردوە.
ئەو سیاسییە لەزاری هێزە گەورە شیعەکانەوە ئاماژهى بهوهكردوه، پێیانوایە سەرۆک وەزیران بەهۆی کەمی ئەزمونییەوە لەهەردوو مەلەفی چەکو داراییدا وەک کەسێکی سەرگەردان دەردەکەوێت.
سەرچاوەکە پێیوایە، بەردەوامبونی دۆخەکە بەمشێوەیە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی حکومەت نەتوانێت موچەی مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو دابینبکاتو هۆشداریدەدات کە قەیرانەکە ئەگەر بگاتەسەر شەقام، دەبێتە دۆخێکی زۆر مەترسیدارتر.
لەبەرامبەردا، هاوبەشەکانی زهیدیى ڕەخنە لەوەدەگرن، كه بەبەفیڕۆدانی بەردەوامی پارە وەسفیدەکەنو بۆچونیان وایه، بەردەوامبونی خەرجییە ناپێویستەکان پەیامی مەترسیدار بۆ عێراقییەکان دەنێرێت، بەتایبەت ئەگەر ئەوە هاوکات بێت لەگەڵ دواکەوتنی موچە.
سەرچاوەکە باس لەناردنی حهوت وهفدى حکومیو پەرلەمانیی دەکات بۆ وڵاتانی جیاواز لەیەک ڕۆژداو نوێکردنەوەی تەواوەتی هۆڵی پەرلەمانیش لهلایهكى دیكهوه، ئەمە جگە لەخەرجی وهفدى یاوەرو ئۆتۆمبێلەکانی بەرپرسان.
ههروهك ئەزمونی حەیدەر عەبادی بەبیر دههێنێتەوە، کە هەوڵیدا خەرجی وهفدهكانو موچەکان کەمبکاتەوە، بەڵام نەیتوانیی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لەم بابەتەدا بکات.
کێشەی نوسینگەی فەرماندەی گشتیی
نەیارانی زهیدیی تەنها لەسەر پارە ناڕازیی نین؛ بەڵکو هێنانەوەکایەی نوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کە پێش نزیکەی 12 ساڵ هەڵوەشابوەوە، ئەویش ناڕەزایەتی لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا دروستکردوە، هەروەها دەستنیشانکردنی عەبدولئەمیر شەممەری وەزیری پێشوی ناوخۆ بۆ بەڕێوەبردنی نوسینگەکە ناڕەزایەتی لێکەوتەوە، چونکە بهگوێرهى سەرچاوەکە، بڕیارەکە ڕەزامەندی تەواوی هێزەکانی چوارچێوەی بەدەستنەهێنابوو.
سەرچاوەکە دەڵێت، "دامەزراندنی بەڕێوەبەر بۆ نوسینگەکەو پاشان بەڕێوەبەری نوسینگە بۆ ئەو، حەساسییەتی بڕیارەکەی زیاترکردوه، لەکاتێکدا کە پەیوەندیی نێوان سەرۆکی حکومەتو هەندێک لەهێزەکانی هاوپەیمانی شیعە لەبنەڕەتدا بەقۆناغێکی پڕ لەگوماندا تێپەڕ دەبوو".
بەمشێوەیە، نوسینگەکە لەچاوی نەیارانی زهیدیدا بوو بەنمونەیەکی دیكه بۆ سەرۆک حکومەتێک کە ئەڵقە کارگێڕییەکان زیاد دەکاتو لەکاتی قەیرانی داراییدا هیچ جۆرە پاشەکەوتکردنێك پیشان نادات.
10 ترلیۆن بەقەرزکردن.. چارەسەر بۆ مانگێک نەک بۆ ساڵێک
شیکەرەوانو ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان پێیانوایە، حکومەت لەوانەیە پەنا بباتەبەر قەرزکردنی نزیکەی 10 ترلیۆن دینار بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لەکورتهێنانی موچە، بەڵام قەرزکردن، تەنانەت ئەگەر سەرکەوتوش بێت لەدەربازکردنی مانگی داهاتوو، چارەسەر بۆ بەشەکەی دیكهى قەیرانەکە پێشکەشناکات.
دوای کۆبونەوەی پەرلەمانتاران لەگەڵ وەزیری دارایی، ئاشکرایانکرد، نزیکەی سێ ترلیۆن دینار بۆ هەندێک لەوەزارەتەکان تەرخانکراوە بۆ تهرخانكردنى موچە، لەکاتێکدا لەلای وەزارەتی دارایی، بهگوێرهى ئەو زانیارییانەی پەرلەمانتاران ئاشكرایانكردوه، نزیکەی ترلیۆنێكو 500 ملیار دینار بەردەستەو کاردەکرێت بۆ بەرزکردنەوەی بڕەکە بۆ 1.65 ترلیۆن دینار بۆ دابینکردنی موچەی خانەنشینان.
هێڵی عەقەبە دەگەڕێتەوە..
لەناوەڕاستی گەڕان بەدوای دەرچەیەک بۆ قەیرانەکە، تیمی محهمهد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانی پێشوو، گەڕانەوە سەر پڕۆژەی هێڵی (بەسرە ـ عەقەبە) وەک یەکێک لەو چارەسەرانەی کە دەتوانێت دەروازەیەکی زیادە بۆ ناردنەدەرەوەی نەوت بەعێراق ببەخشێت.
مشرق فەرەیجی سەرکردە لەهاوپەیمانێتیهكهى سودانی دەڵێت، "ئەو لایەنانەی دژایەتی پڕۆژەكهیان دەکرد، تۆمەتی ناڕاستیان ئاراستە دەکرد، لەکاتێکدا هەندێک هەڵوێست لەو سەردەمەدا گەیشتنە سنورى هەڕەشەی تەقاندنەوەی هێڵەکە.
مستەفا سەنەد وەزیری ئێستای پەیوەندییەکان لهكابینهكهى زهیدیى کە لەکاتی خستنەڕوی پڕۆژەکەدا پەرلەمانتار بوو، بەتوندی دژایەتی بۆرییەکەی دەکردو لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا باسی لەئەگەری بەئامانجگرتنی دەکرد، بەو بیانوەی پڕۆژەکە خزمەت بەئیسرائیل دەکات، بەڵام وهكو چاودێران دهڵێن، شتە سەیرەکە ئەوەیە کە خودی سودانی دوای بەجێهێشتنی پۆستەکەی، لەلایەن نەیارانییەوە تۆمەتباردەکرێت بەوەی یەکێکە لەهۆکارەکانی قەیرانی دارایی ئێستا.
مەسعوود حەیدەر بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، خەزێنەی دەوڵەت بەدرێژایی سێ ساڵی تەمەنی حکومەتەکەی سودانی نزیکەی 345 ملیار دۆلاری پێگەیشتوە، لەکاتێکدا خەرجییە کارگێڕییەکانو موچەی فەرمانبەران، بهگوێرهى قسەی ئەو، نزیکەی 205 ملیار دۆلار بوەو پرسیار دەکات لەسەر چارەنوسی نزیکەی 140 ملیار دۆلاری ماوە.
گرژییو ناکۆکییەکە زیاتر دەبێت کاتێک باس لەڕەسیدی خەزێنە دەکرێت لەکاتی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا، زهیدیى دوای وەرگرتنی سەرۆکایەتی حکومەت ڕایگەیاند، کە تەنها یەک ترلیۆن دیناری لەخەزێنەی دەوڵەتدا بۆ بهجێماوه، لەبەرامبەردا، حکومەتەکەی مستەفا کازمی وتویهتى، نزیکەی 85 ملیار دۆلارو 130 تۆن زێڕی بۆ سودانی بەجێهێشتبوو.
