شارپرێس:
لەیەکەم ئاماژەی فەرمیدا بەرەو گۆڕانی هاوسەنگییە سیاسییەکان، نەعیم قاسم ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند، هیچ ڕێگرییەک نییە لەبەردەم سازدانی کۆبونەوەی فەرمی لەگەڵ سەرکردایەتی نوێی سوریا لەداهاتودا، ئەم هەڵوێستەش هاوکاتە لەگەڵ پشتگیریکردنی حزبوڵڵا بۆ بڵاوبونەوەی سوپای لوبنان لەباشوری ڕوباری لیتانی.
پەیامەکەی نەعیم قاسم دوای لێدوانەکانی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا هات کە تێیدا ئاماژەی بەهەبونی پەیوەندیی لەگەڵ حکومەتی لوبنان کردبوو بەمەبەستی پاراستنی سەقامگیریی.
لهو ڕوهشهوه قاسم جەختیکردوهتهوه، سوریایەکی سەقامگیر پاڵپشتە بۆ لوبنانو لوبنانێکی سەقامگیر لەبەرژەوەندیی سوریادایە، هەر شڵەژانێکیش لەناوخۆی لوبناندا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی سوریا دەبێت.
سەبارەت بەدۆسیەی ناوخۆی لوبنان، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا ڕایگەیاندوه، "ئارامیی وڵاتەکە بەسەقامگیریی باشورەوە بەستراوەتەوە، تەنها بژاردەش لەبەردەم ئیسرائیلدا کشانەوەی تەواوە لەو ناوچانەی هێشتا لەژێر کۆنترۆڵیدان، ئێمه بەهەموو توانامانهوه یارمەتیو پاڵپشتیی بڵاوبونەوەی سوپای لوبنان دەکات لەناوچەکانی باشوری ڕوباری لیتانی".
لەلایەکی دیکەوە، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە-ى قهتهرى ڕایگەیاندبوو، دیمەشق لەپێناو گرەنتیی ئارامیی ناوچەکەدا لەپەیوەندیدایە لەگەڵ بەیروت.
شەرع بەڕونی پشتگیریی خۆی نیشاندا بۆ ئەوەی بڕیاری شەڕو ئاشتیو مافی هێشتنەوەی چەک تەنها لەدەستی دەوڵەتی لوبنانو سوپاکەیدا بێت، کە ئەمەش ئاڕاستەیەک نیشاندەدات بەرەو بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوە فەرمییەکان لەلوبناندا.
