سێ دیاردەی دەگمەنی فەلەکی لەئاسماندا ڕوو ده‌ده‌ن

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3182 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شەوی 12ی ئه‌م مانگه‌، ئاسمان دەبێتە گۆڕەپانی زۆرترین بارینی ئەستێرەی ڕاوکەر (شەهاب) کە تێیدا ژمارەی ئەو هێڵە ڕوناكانەی دەردەکەون دەگاتە بەرزترین ئاست، باس له‌وه‌شده‌كرێت، هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ ئاسمانی زەوی شاهیدی ڕوداوێکی دەگمەن دەبێت؛ سێ دیاردەی گەورەی فەلەکی لەماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا پێکەوە ڕودەدەن.


ئەم ڕوداوە کەم وێنەیە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بوەتە هۆی دروستبونی دڵه‌ڕاوکێ؛ بەشێک لەبەکارهێنەران هۆشداریی لەکۆتایی ژیان دەدەن‌و پێشبینی کۆن بڵاودەکەنەوە، لەکاتێکدا بەشەکەی دیكه‌ بەگاڵتەجاڕییه‌وه‌ ئه‌و سه‌رنجانه‌ ده‌خوێننه‌وه‌.

لەبەرامبەردا، زانایانی فەلەکناسی بەتوندی ئەم دەنگۆیانە ڕەتدەکەنەوەو دڵنیایی دەدەن، ئەم دیاردانە تەواو سروشتین، پێشتر زانراون‌و هیچ مەترسییەک یان کارەساتێک دروستناكه‌ن.

دیارترین زانیارییەکان لەسەر ئەو سێ دیاردەیە بریتین له‌خۆرگیرانی تەواو كه‌ مانگ بەتەواوی ڕوناكی خۆر دەشارێتەوە، ئەم دیمەنە لە(ئایسلەندا، گرینلاند، ئیسپانیاو پورتوگال) بەتەواوی دەبینرێت، بەڵام لەئەمریکاو کەنەدا بەشێوەی نیمچەیی دەبێت.

به‌گوێره‌ى نەخشە فەلەکییەکانی دەزگای بۆشاییگەریی ئەوروپا (ESA)و داتاکانی ماڵپەڕی جیهانیی Time and Date، عێراق‌و وڵاتانی دەوروبەری بەتەواوی لەدەرەوەی هێڵی بینینی ئەم خۆرگیرانەدان، هۆکاره‌كه‌شى بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، کاتێک خۆرگیرانەکە ڕودەدات، سێبەری مانگ تەنها بەسەر ناوچەکانی جەمسەری باکور، گرینلاند، ئایسلەندا، ئیسپانیاو پورتوگالدا تێپەڕدەبێت، لەوکاتەی کە خۆرگیرانی تەواو لەئەوروپا دەگاتە لوتکە، لەعێراق‌و وڵاتانی کەنداو کاتی ئاوابونی خۆرە، بۆیە خۆر لەژێر ئاسۆوە دەبێت‌و نابینرێت، لەنێوان وڵاتانی عەرەبیدا، تەنها مەغریب‌و جەزائیر دەتوانن بەشێوەیەکی نیمچەیی بیبینن، بەڵام بۆ (میسر، عێراق‌و شام)و وڵاتانی کەنداو بەچاو نابینرێت.

زانایان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، لەشەوی 12 لەسەر 12ی ئه‌م مانگه‌، ئاسمان دەبێتە گۆڕەپانی بارینی نزیکەی 100 شەهاب لەکاتژمێرێکدا، بەهۆی تاریکیی ئاسمانەوە، باشترین کات بۆ بینینی لەکاتژمێر 11ی شەو تا بەرەبەیان دەبێت، پێچەوانەی خۆرگیرانەکە کە تەنها لەچەند وڵاتێکی دیاریکراو دەبینرێت، دیاردەی بارینی ئەستێرەی ڕاوکەر (شەواو یان شەهابەکان) ڕوداوێکی جیهانییەو عێراق، کوردستان‌و سەرجەم وڵاتانی عەرەبی بەتەواوی دەگرێتەوە.

به‌گوێره‌ى داتاکانی کۆمەڵەی فەلەکناسیی دوبەی، بارودۆخی بینینی ئەم دیاردەیە لەمساڵدا 2026 بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەمشێوەیە دەبێت، لوتکەی بارینەکە لەشەوی 12 لەسەر 12ی ئاب دەبێت، بەهۆی ئەوەی لەو شەوەدا مانگ نوێیە (تاریکیی ڕەها بەڕێژەی 99.9٪)، ئاسمانی عێراق‌و وڵاتانی عەرەبی زۆر تاریک دەبێت‌و ئەمەش باشترین دەرفەتە به‌راورد بەچەند ساڵی ڕابردوو بۆ بینینی گەشاوەیی شه‌هابه‌كان بەچاوی ئاسایی.

لەو شوێنانەی کە دورن لەڕوناكی‌و دوکەڵی شارەکان (وەک ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان یان بیابانەکانی عێراق)، هاوڵاتیان دەتوانن نێوان 50 تا 100 ئەستێرەی ڕاوکەر (شەهاب) لەکاتژمێرێکدا ببینن، لەکاتژمێر 11ی شەو تا کاتی بەرەبەیان دەبێت، بەئاڕاستەی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئاسمان.

شەش هەسارە (موشتەری، عەتارد، مەریخ، زوحەل، ئۆرانۆس‌و نیپتۆن) لەسەر هێڵێکی کەوانەیی لەئاسماندا دەردەکەون، کە مەریخ‌و زوحەل بەچاوی ئاسایی دەبینرێن.