سوریاو عێراق بەرەو هاوبەشییەکی ستراتیژیی نوێ لەکەرتی نەوت‌و وزەدا هەنگاودەنێن

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2309 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسانی پیشەسازیی لەسوریا ڕایدەگەیەنن، بەهێزکردنی هاوکاریی نەوتی لەگەڵ عێراق دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەیرانی قوڵی وزە لەسوریاو ڕێگە خۆشدەکات بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژیی درێژخایەن کە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کەرتی پیشەسازیی، وەبەرهێنان‌و گەشەی ئابوریی هەردوو وڵات دەبێت.

محەمەد مەروان ئۆرفەلی سەرۆکی لیژنەی غازو وزە لەژوری پیشەسازیی دیمەشق ڕایگەیاندوه‌، نزیکی جوگرافیی نێوان هەردوو وڵات تێچوی گواستنەوەی نەوت‌و غاز بۆ سوریا زۆر کەمدەکاتەوە، ئەمەش دەرفەت دەدات کە وزە بەنرخێکی هەرزانتر دابین بکرێت‌و باری گرانی سەر کەرتی بەرهەمهێنان سوک بێت.

ئۆرفەلی ڕونیکردەوە، زیادکردنی هەناردەی نەوت‌و غازی عێراق کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سێکتەرەکانی کارەبا، گواستنەوەو پیشەسازیی دەبێت، بەمەش تێچوی بەرهەمهێنان دادەبەزێت‌و حکومەتیش دەتوانێت نرخی کارەباو سوتەمەنی لەسەر پیشەسازان‌و هاوڵاتیان کەمبکاتەوە.

بەوتەی ئەو بەرپرسە سوریە، گەورەترین ڕێگر لەبەردەم پیشەسازیی وڵاتەکەی لەئێستادا بەرزیی نرخی وزەیە، بۆیە دابەزاندنی ئەو نرخە دەبێتە هۆی فراوانبونی کارگەکان، زیادبونی بەرهەم‌و ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ، چوارچێوەی هاوکارییەکانی بەغداو دیمەشق لەم قۆناغەدا نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی نەوتی، گواستنەوەی غازو بەستنەوەی تۆڕی کارەبا دەگرێتەوە.

ئەم پێشهاتە ئابوریە دوای ئەوەدێت کە لە 17ی تەمموزی ڕابردودا، عێراق‌و سوریا بەچاودێریی ئەمریکا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد بۆ دوبارە کارپێکردنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی (کەرکوک ـ بانیاس)؛ پڕۆژەیەک کە ڕێگە بەعێراق دەدات نەوتەکەی لەڕێگەی خاکی سوریاوە بگەیەنێتە بەندەرەکانی دەریای ناوەڕاست‌و دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوتی خۆی هەمەجۆر بکات.