شارپرێس:
ئامارەکانی کەشتیوانیی دەریانخستووە کە هاتووچۆی دەریاوانی لە دوو ڕێڕەوی ئاوی سەرەکیی ناوچەکە، واتە گەرووی بابولمەندەب و گەرووی هورمز، ئەم هەفتەیە بەبێ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ ماوەتەوە، ئەمەش لە سایەی بەردەوامی تەمومژ لە دەوری ئاڕاستەی دانوستانەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران.
داتاکانی کێپلەر ئاشکرایان کردووە کە رۆژی دووشەممە 20 کەشتی لە گەرووی بابولمەندەب پەڕیونەتەوە، کە پێکهاتبوون لە 12 کەشتیی نەوتهەڵگر و 8 کەشتیی گواستنەوەی کەلوپەلی جۆراوجۆر، ئەمەش هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە بەراورد بە ڕۆژی پێشتر.
لەنێو ئەم 20 کەشتییەدا، 12یان چووبوونە دەرەوە و 8یان هاتبوونە ژوورەوە، هەروەها زۆربەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی کەشتییەکان بە کارپێکراوی مابوونەوە.
هەرچەندە ئومێدێک بۆ بەرەوپێشچوون لە وتوێژەکانی نێوان واشنتۆن و تاران دروست ببوو، بەڵام ئاسۆی دانوستانەکان هێشتا ناڕوونە. ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوە ناچێت و هیچ کۆبوونەوەیەکیش دەستنیشان نەکراوە.
ئەم لێدوانەش دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو هێرشەکان بۆ سەر ئێران ڕادەگرن تاوەکو ئەنجامی ئەو وتوێژانەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز لە ئارادان.
لە گەرووی هورمزیش، ئامارەکان ئاماژە بە هێواشیی هاتووچۆ دەکەن، بە جۆرێک رۆژی دووشەممە تەنیا 6 کەشتی پەڕیونەتەوە، کە 3 نەوتهەڵگر و 3 کەشتیی بار هەڵگر بوون، ئەمەش کەمبوونەوە پیشان دەدات بەراورد بە 7 کەشتیی ڕۆژی پێشتر.
لەم ژمارەیە 5 کەشتیی هاتبوونە ژوورەوە و تەنیا 1 کەشتی چووبووە دەرەوە، کە هەموویان لە ڕێڕەوی دیاریکراوی ئێرانەوە جووڵابوونەوە. مەترسیی هێرشەکان و هەڕەشەکانی حوسییەکان وایکردووە هەندێک نەوتهەڵگری گەورەی سعودیە ڕێڕەوی خۆیان بەرەو باشووری ئەفریقیا بگوڕن.