کرماشان بازاڕی تەکنەلۆژیای جیهان دەهەژێنێت.. هەناردە بۆ 11 وڵات ده‌كات

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3877 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەبازدانێکی ئابوریی‌و زانستی گه‌وره‌دا، دامەزراوەی (جیهادی زانکۆیی)‌و کۆمەڵگەی زانست‌و تەکنەلۆژیای پارێزگای کرماشان ڕایانگەیاند، بازنەی هەناردەکردنی بەرهەمە تەکنەلۆژیی‌و مەعریفییەکانی ناوخۆی پارێزگاکە فراوانتر بوەو گەیشتوەتە 11 وڵاتی جیهان، هاوکات قەبارەی فرۆشی ناوخۆیی کۆمپانیا پاڵپشتیکراوەکان لەماوەی تەنها یەک ساڵدا، چوار هەزار ملیار تومەنی ئێرانى (نزیکەی 50 ملیۆن دۆلار)ى تێپەڕاندوە.


سیامەک ئازادی سەرۆکی ڕێکخراوی (جیهادی زانکۆیی) لەکرماشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ستراتیژی نوێی ئەوان بەستنەوەی توێژینەوە زانستییەکانە بەپێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆیی‌و ناوچەیی، بەئامانجی کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان زانکۆکان‌و کەرتی تایبەت، بۆ ئەم مەبەستەش، پڕۆژەیەکی فراوان بۆ ڕاهێنان‌و بەهێزکردنی پێنج هەزار خوێندکاری زانکۆ لەقۆناغی یەکەمدا دەستیپێکردوە تا کێشەی بێکاریی لەناوچەکەدا کەمبکرێتەوە، بەتایبەت لەبوارەکانی ژیریى دەستکرد، پەرەپێدانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان‌و ئەنیمەیشن.

کرماشان لەئێستادا 300 کۆمپانیاو دامەزراوەی تەکنەلۆژی لەخۆدەگرێت، کە تێیدا 37 بەرهەمی پێشکەوتوو بەشێوەیەکی تاقانەو بەبێ بونی هیچ ڕکابەرێک لەسەرتاسەری ئێراندا تەنها لەم پارێزگایەدا بەرهەمدەهێنرێن، لەچوارچێوەی پلانی فراوانکردنی بازرگانی دەرەکیشدا، کرماشان کار لەسەر دامەزراندنی سەنتەرێکی پسپۆڕیی دەکات بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە مەعریفی‌و تەکنەلۆژییەکان بۆ ناو بازاڕەکانی عێراق لەڕێگەی "بورجی زانست‌و تەکنەلۆژیا"وە، لەگەڵ دەستپێکردنی چوار پڕۆژەی نوێی هەناردەکردن بۆ وڵاتانی ناوچەکە.

شۆڕشە ئابورییەکەی کرماشان تەنها کەرتی دیجیتاڵی نەگرتوەتەوە، بەڵکو چەندین سێکتەری دیكه‌ى تێپەڕاندوە، بۆ نمونه‌ کەرتی کانزایی‌و کیمیایی، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ى دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی زانستی بەبەهای 20 ملیار تومەن بۆ دەرهێنانی مادەی خاوەن بەهای بەرز لە (بیتۆمین ـ قیری سروشتی) بەمەبەستی ڕێگریکردن لەفرۆشتنی بەشێوەی خاو، هه‌روه‌ها کەرتی پزیشکی ئه‌ویش، پێشکەشکردنی 23 خزمەتگوزاری پسپۆڕیی لەسەنتەری چارەسەری نەزۆکی ده‌گرێته‌وه‌ کە لەساڵی 2017وە بوەتە هۆی لەدایکبونی زیاتر لەهه‌زارو 600 منداڵ.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، بەکارهێنانی توانای کولتوریی‌و گەشتیاریی کرماشان وەک "شارێکی داهێنەر لەبواری خۆراکدا" بۆ گۆڕینی بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان کە هەلی کاری بەردەوام دەڕەخسێنن.