دەستکاریکردنی ئامارەکانی پێنتاگۆن؛ هەوڵێک بۆ شاردنەوەی زیانە جەنگییەکان

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 315 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 28ی شوباتەوە، کێشمەکێش و گومانێکی زۆر دەربارەی دروستیی ئەو ئامارە فەرمییانە دروست بووە کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) سەبارەت بە ژمارەی کوژراو و بریندارانی سوپای وڵاتەکەی بڵاویان دەکاتەوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی چەند مانگەی ڕۆژنامەی "دی ئینتەرسێپت"، ئەو ئامارانەی بە فەرمی ڕادەگەیەنرێن بە شێوەیەکی بەرچاو لە ڕاستییەوە دوورن و زۆر کەمتریان لە ئەرزی واقع نیشان داوە. بەرپرسێکی ئەمریکیش، کە بۆ ڕۆژنامەکە قسەی کردووە، ئەم هەنگاوەی پێنتاگۆنی بە پرۆسەیەکی ئاشکرای "پۆشین و شاردنەوەی زیانەکان" وەسف کردووە.

پێنتاگۆن لە سەرەتای جەنگەکەوە بۆ تۆمارکردنی زیانە گیانییەکان پشتی بە سیستەمی "شیکاریی زیانەکانی بەرگری" (DCAS) بەستووە، بەڵام کێشەکە لە دوای شەپۆلێک هێرشی مووشەکیی و درۆنیی ئێران لە تەممووزی ڕابردوودا بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان ئاڵۆزتر بوو، کاتێک پێنتاگۆن ڕێگەیەکی نوێی بۆ هەژمارکردنی زیانەکان بەکار هێنا.

بەپێی ئەم میتۆدە نوێیە، ئەو هەواڵی کوژران و برینداربوونانەی لە دوای 7ی تەممووزەوە تۆمار کراون، لە ئاماری گشتیی جەنگی ئێران لابراون و خرابوونە ژێر ناونیشانێکی گشتیی سەربەخۆ بە ناوی "ئۆپراسیۆنە دەرەکییەکان".

ئەم جیاکردنەوەیە رێگریی نەکرد لە درککردن بە ژمارە ڕاستەقینەکان؛ ژمارەی زەرەرمەندانی تۆمارکراو لەژێر ناونیشانی "ئۆپراسیۆنە دەرەکییەکان"دا گەیشتە 273 سەرباز. کاتێک ئەم ژمارەیە دەخریتە سەر ئاماری پێشووی سیستەمی DCAS بۆ جەنگی ئێران، کۆی گشتیی کوژراو و بریندارەکان دەگاتە 704 کەس، ئەمەش بە ڕێژەی 83% زیادبوون نیشان دەدات بەراورد بە ئاماری 8ی نیسان کە ڕێکەوتی یەکەم ڕێککەوتنی ئاگربەست بوو.

جگە لەمە، گومانەکان قووڵتر بوونەوە کاتێک لە 21ی نیساندا ژمارەی بریندارانی شەڕ بە بڕی 15 کەس کەمی کرد بێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدرێت. لە نموونەیەکی دیکەدا، ڕائید "سوورڤلی داڤیۆس" لە پاسەوانی نیشتمانیی نیۆیۆرک لە 6ی ئازار لە کووەیت دووچاری مردنی لەناکاو بەهۆی نەخۆشییەوە بۆوە، بەڵام تا ئێستاش ناوی لە لیستی فەرمیی کوژراوانی پێنتاگۆندا دانەنراوە.

پێنتاگۆن ئەم دەستکارییانەی گەڕاندۆتەوە بۆ کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانی" و سپاردنی دۆسێکان بە فەرماندەییی ناوەندی (سێنتکۆم)، بەڵام بەرپرسانی ناو ئیدارەی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە ئەمە تەنیا بۆ پۆشینی شکستی بەرگریی ئاسمانییە بەرامبەر 9 مۆڵگەی سەربازی.

لە لایەکی ترەوە، لێکۆڵینەوەیەکی ڕێکخراوی "وار هۆرس" دەریخستووە لە نێوان 28ی شوبات تا 8ی نیسان زیاتر لە 400 برینداربوونی سەربازی هەبووە و تەنیا لە 18ی ئازاردا 70 برینداربوون تۆمار کراوە.

ئەم زانیارییانە دەریانخستووە لانی کەم 170 سەرباز دووچاری پێكانی جۆراوجۆری سەر بوونەتەوە، پێکانی قورس کە دونالد ترەمپ پێشتر بە "ژانەسەرێکی سادە و بێمەترسیی" وەسفی کردبوون.

هەروەها ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست" ئاشکرای کردووە پێنتاگۆن لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا 4 حاڵەتی مردنی نوێی لە داتابەیسەکەی سڕیوەتەوە، بەمەش ئاماری فەرمیی کوژراوانی لە 18 کەسدا هێشتۆتەوە و ڕاستیی زانیارییە بڵاوکراوەکانی گەیاندووەتە لوتکەی گومان.