لیژنەی دارایی: دڵنیابن موچەی ساڵی 2026 گەرەنتییکراوە

ئابوری

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1977 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە، موچەی ساڵی 2026 گەرەنتیکراوە،  بەڵام قۆناغی داهاتوو پێویستی بەدوبارە ڕێکخستنەوەی لەپێشینەی خەرجییەکان‌و پێداچونەوەیان هەیە.


ڕیاز تەمیمی ئەندامی لیژنەکە لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا وتى، "هەوڵێک هەیە بۆ پێكهێنانی تیمێک بەمەبەستی پێداچونەوە بەتەواوی گرێبەستەکانی کۆکردنەوەی داهات لەدامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بەتایبەت بەشێک لەگرێبەستەکان پشکی وەبەرهێنەر تێیاندا دەگاتە 75% بەرامبەر 25% بۆ دەوڵەت".

تەمیمی وێڕای ئاماژەدان بەوەی، فرەیی یاسا دژبەیەکەکان دەبێتە هۆی شێواندنی ژینگەی وەبەرهێنان، ڕاشیگەیاند، کۆبونەوەیەک لەگەڵ سەرۆک وەزیران دەکرێت بۆ تاووتوێکردنی ڕێگەچارە پێشنیازکراوەکان‌و بەرزکردنەوەی داهات‌و چاکسازیی دامەزراوەیی.

هەروەها جەختیکردەوە، بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بەشێکە لەچاکسازیی‌و پێویستە بۆ ساڵی 2027 پێشوازیی لەچارەسەری دارایی ڕاستەقینە بكرێت کە لەسەر بنەمای زیادکردنی داهات بێت نەک پەنابردن بۆ قەرزکردن.