بێ پرسی حكومەتی هەرێم غازی كۆرمۆر ڕەوانەی بەغدا دەكرێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 848 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، بڕیاری دەستپێكردنی دابینكردنی غازی سروشتی لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە بۆ وەزارەتی كارەبای عێراق بە بێ رەزامەندی و ئاگاداریی پێشوەختەی ئێمە لەلایەن هەردوو كۆمپانیای دانا غاز و كرێسنت پترۆلیۆمەوە، پێشێلكردنی ئاشكرای چوارچێوەی گرێبەستەكانە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەڵێت، لە 4ـی ئابی 2026، لە لایەن هەردوو كۆمپانیای كرێسنت پترۆلیۆم و دانە غاز، كە وەك كارپێكەری هاوبەشی كێڵگەی كۆرمۆر كار دەكەن، ئاگاداركراینەوە، كە دەستیان كردووە بە دابینكردنی غازی سروشتی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ وەزارەتی كارەبای عێراق بە مەبەستی بەرهەمهێنانی كارەبا، ئەم ئاگاداركردنەوەیەمان تەنیا لە كاتی راگەیاندنی فەرمی و گشتیی كۆمپانیاكاندا پێگەیشتووە.

دەشڵێت، بڕیاری تاكلایەنانەی كۆمپانیاكان بۆ دەستپێكردنی دابینكردنی غاز بەبێ ڕەزامەندی حكومەتی هەرێم و لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی كە پرۆژەی كۆرمۆر بەڕێوە دەبات، بە پێشێلكردنی ئاشكرای گرێبەستەكە دادەنرێت، هاوكات دەستوەردانێكی بێپاساوە لەو رێكارە دامەزراوەییانەی كە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا رێكدەخەن.

حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات، كرداری كۆمپانیاكان بووەتە مایەی نیگەرانیی جیددی، بە تایبەت كە پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین جار داوای غازی سروشتیی زیاتری بۆ دامەزراوەكانی وزەی هەرێم كردووە، كە پێویستییەكی زۆریان بە غاز هەیە بۆ دابینكردنی كارەبای پێویست بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكەی عێراق. بەڵام بە داخەوە، لە جیاتی هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم بۆ پەرەپێدان و گەیشتن بەم ئامانجە خزمەتگوزارییە، كۆمپانیاكانی كرێسنت و دانە غاز بڕیارێكی تاكلایەنەیان داوە كە خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەكان ناكات، حكومەتی هەرێم نە رەزامەندیی لەسەر ئەم هەنگاوە دەربڕیوە و نە رێگەی پێ داوە، بۆیە هەر ئاماژەیەك بە پشتیوانی یان پاڵپشتیی هەولێر بۆ ئەم بڕیارە تاكلایەنەیە، ناڕاست و چەواشەكارانەیە.

هەروەها هۆشداری داوە، حكومەتی هەرێم هەڵسەنگاندنی ورد بۆ سەرجەم لێكەوتە یاسایی، گرێبەستی و كارپێكردنەكانی كردارەكانی كۆمپانیاكان دەكات و هەموو ڕێوشوێنە گونجاوەكان دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی مافە دەستوری و گرێبەستییەكانی خۆی، بە مەبەستی پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراق لە سێكتەری وزەدا.