سفر پێشێلکاريی لەدوو ساڵدا.. تەکنەلۆژیا سنورەکانی عێراق‌و سعودیەی کۆنترۆڵکرد

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 468 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تەکنەلۆژیای نوێی سەربازیی‌و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، هاوکێشەی باڵادەستیی ئەمنییان لەسەر سنورەکانی عێراق‌و سعودیە گۆڕیی؛ لەدەستکەوتێکی ستراتیژیدا، فەرماندەیی پاسەوانی سنور ڕایگەیاند، بەستنەوەی سیستەمی چاودێریی زەمینی بەتۆڕێکی چڕی درۆنەکانەوە، قەڵایەکی دیجیتاڵیی وای دروستکردوە کە بۆ دوەم ساڵی لەسەریەک، ڕێژەی دزەکردن‌و قاچاخچێتی گەیاندوەتە سفر، بەجۆرێک کە هیچ جوڵەیەک لەم بیابانەدا ناتوانێت لەچاوی ئاسمانیی هێزەکان شاراوەبێت.


لیوا ڕەحیم یونس فەرماندەی ناوچەی پێنجی پاسەوانی سنوری عێراق جەختیکردوه‌ته‌وه‌، پاراستنی سنورەکانیان لەگەڵ سعودیە ئەرکی سەرەکی‌و بنەڕەتیی ئەوانە، ده‌شڵێت، "هیچ پێشێلکارییەک یان کارێکی قاچاخچێتی‌و دزەکردن لەخاکی سعودیەوە بۆ ناو عێراق‌و بەپێچەوانەشەوە تۆمارنەکراوە".

وتوشیه‌تى، "پاراستنی سنورەکان هاوکاتە لەگەڵ بەشداریکردنی هێزەکانمان لەجێبەجێکردنی پلانی ئەمنی‌و خزمەتگوزاری تایبەت بەسەردانی چلەی ئیمام حسێن کە بەبێ تۆمارکردنی هیچ پێشێلکارییەک سەرکەوتنی بەدەستهێنا".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، "بەشداریکردنی هێزەکانی سنور لەسەردانی چلەدا بەئەرکێکی نیشتمانی دادەنرێت، بەڵام ئەرکی یەکەمی فەرماندەیی هێزەکانی سنور بریتییە لەپاراستنی کەرتی فیرقەی پێنج لەسەر سنور لەگەڵ سعودیە کە سەقامگیرییەکی ئەمنی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت‌و جیاوازە لەکەرتە سنورییەکانی دیكه‌ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ".

لیوا ڕه‌حیم باسى له‌وه‌شكردوه‌، "سنورەکان بەسیستەمێکی تەواو و تۆکمە پارێزراون کە پێگەی قایمکراوی ئەمنی، کامێرای گەرمی، ئامێری چاودێریی هاوچەرخ‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لەبەهێزکردنی یەکە شەڕکەرەکان".

فەرماندەی ناوچەی پێنج سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، "بۆ دوەم ساڵە لەسەریەک سنورەکان توشی هیچ پێشێلکارییەک نەبونەتەوە، بەوپێیەی پێشێلکارییەکان گەیشتونەتە سفرو هیچ قاچاخچێتی‌و دزه‌كردنێك بۆ ناو خاکی سعودیە یان له‌وێوه‌ بۆ ناو عێراق تۆمارنەکراوە".

سێشەممەى ڕابردوو، پارێزگای کەربەلاو لیژنەی باڵای سەردانە ملیۆنییەکان، سەرکەوتنی پلانە ئەمنی، تەندروستی‌و خزمەتگوزارییەکانیان بەکۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمی سەردانی چلە لەکەربەلا ڕاگەیاند کە پێشوازیی لەزیاتر لە 22 ملیۆن سەردانیکەر لەناوخۆو دەرەوەی عێراق کردبوو، لەنێوانیاندا پێنج ملیۆن سەردانیکەر لەڕەگەزنامە جیاوازەکانی عەرەبی‌و بیانی بونه‌.