شارپرێس:
پارتی لیکودی دەسەڵاتدار لەئیسرائیل ڕوبەڕوی شەپۆلێکی توندی
جیابونەوەو تۆمەتبارکردن دەبێتەوە؛ دان ئیلۆز یەکێک لەدیارترین یاسادانەرانی سەر بەباڵی
موحافیزکار بەفەرمی جێهێشتنی پارتەکەی ڕاگەیاندو جەختیکردەوە، "لیکود لەپێناو
مانەوەی سیاسیی بنیامین ناتانیاهۆدا، سەرجەم بنەماو بەها نەریتییەکانی خۆی كردوهته
قوربانیى".
ئیلۆز لەلێدوانێکدا هۆشداریدەداتە دەنگدەرانو دەڵێت،
"ئەمڕۆ هەر دەنگێک بۆ لیکود، لەواقیعدا دەنگدانە بهسەرکردەی پارتە ئاینییەکانی
حەریدی (گۆڵدکنۆپفو دێری) یان هاوبەشە ئاینییەکانی ناتانیاهۆ، بۆیە چیتر ئەم پارتە
ماڵی نیشتمانیی ڕاستڕەوەکان نییە".
لەدوا ڕۆژەکانی پێش پشوی کنێستدا، حکومەتەکەی ناتانیاهۆ بەپەلە
چەند یاسایەکی تێپەڕاند کە بوە هۆی یاخیبونی چەند ئەندامێکی ناو هاوپەیمانییەکە، بەستنی
ڕێوشوێنە یاساییەکانو قەدەغەکردنی گرتنی ئەو جولەکە ئۆرسۆدۆکسە توندڕەوانەیە (حەریدییەکان)
کە ئامادەنین بچنە خزمەتی سەربازیی زۆرەملێوە، ناتانیاهۆ-ش ئەم یاسایەی وەک وەڵامدانەوەیەک
بۆ داواکاریی هاوبەشە حەریدییەکانی تێپەڕاند بۆ گرهنتیکردنی مانەوەی حکومەتەکەی.
لهوبارهیهوه دان ئیلۆز شانبەشانی سێ ئەندامی دیكهى هاوپەیمانی،
ڕیزی پارتەکەی جێهێشتو دژی یاساکە دەنگیدا، پاشانیش ڕایگەیاند، لیکود لهناوچوهو
پرەنسیپەکانی لەپێناو کورسی فرۆشتوهو ناتوانێت چیتر داوا لەخەڵک بکات دەنگی پێبدەن.
ئیلۆز لەماوەی ڕابردودا بەهۆی دژایەتیکردنی سەرکردایەتی پارتەکە
لەسەر مەلەفی بەخشینی حەریدییەکان لەسەربازیی، ڕوبەڕوی گۆشەگیرییەکی توند ببوهوە.
دوای ئەوەی ناتانیاهۆ لەساڵی 2024دا یوئاڤ گالانت وەزیری
بەرگریی بەهۆی هەمان دۆسیەوە دورخستەوە، پارتەکە دەستیکرد بەسزادانی فەرمیی ئیلۆز لەڕێگەی
لێسەندنەوەی پۆستەکانی لەلیژنەکانو قەدەغەکردنی پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسای تایبەت بۆ
ماوەی چەندین هەفتە.
ئیلۆز کە خۆی وەک ڕاستڕەوێکی ئایدۆلۆژی پێناسە دەکاتو پێشتر
داکۆکیکاری لکاندنی کەناری ڕۆژئاواو ڕاگرتنی کارەکانی ئۆنروا بوە، ڕەخنەی توند لەواقیعی
ئەمنیی ئێستای وڵات دەگرێتو دەڵێت، "لیکود (كه یەکێکە لەگەورەترینو سەرەکیترین
پارتە سیاسییەکانی ئیسرائیلو لەئێستادا لەژێر سەرکردایەتی بنیامین ناتانیاهۆدایە)،
لەکاتێکدا دروشمی پاراستنی ئاسایش بەرزدەکاتەوە، بەڵام لەواقیعدا بەهۆی ملهوڕی حەریدییەکانەوە
سوپای توشی کێشەی کەمیی هێزی مرۆیی کردوە، ئەویش دوای گەورەترین کارەساتی ئەمنیی لەمێژوی
دەوڵەتەکەدا".
سەرەڕای ئەوەی ناتانیاهۆ توانیویەتی خولێکی تەواوی چوارساڵەی
حکومەتەکەی بباتەسەر، بەڵام بهگوێرهى نوێترین ڕاپرسییەکان پێگەی جەماوەریی ڕوى لهكهمیكردوهو
پێشبینیدەکرێت، لیکود لە 32 کورسییەوە دابەزێت بۆ نێوان 20 یان 22 کورسی لەهەڵبژاردنەکانی
داهاتودا، لهبهرامبهریشدا پارتی (یاشار) بەسەرۆکایەتی گادی ئایزنکۆت لەبەرزبونەوەی
بەردەوامدایەو نزیکە لەپێکهێنانی هاوپەیمانیی داهاتوو، ههروهك ئیلۆز ڕایدەگەیەنێت،
"هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن، بەڵام هێڵی سوری من ئەوەیە کە ناچمە ناو چوارچێوەی
حکومەتێک کە پارتە نادۆسیۆنیستەکان (چ حەریدییەکان یان عەرەبەکان) لەخۆبگرێت".
جێهێشتنی لیکود لەلایەن هێزە موحافیزکارەکانەوە، ئاماژەیەکی
ڕونە بۆ ئەوەی کە ململانێی ناوخۆیی لەسەر کورسیو شێوازی بەڕێوەبردنی جەنگ، پێکهاتەی
سیاسیی ئیسرائیلی بەرەو نەخشەیەکی تەواو نوێ پاڵ پێوە دەنێت.
