شارپرێس:
ڕاپۆرتێکی ستراتیژیی ئیسرائیلی تیشکی ستۆتە سەر گۆڕانکارییە نوێیەکانی جووڵەی ئێران لە چەند تەوەرێکی سەرەکیدا، وەک لێدانی ڕاستەوخۆ، فراوانکردنی ململانێکان، خێراکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی لە دامەزراوەی "چیای قوڵینگ" و بەرزکردنەوەی ئاستی گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا.
ناوەندی "ئەلما" بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە مانگی تەممووز بە سیاسەتی "لێواری هەڵدێر" و پەرەسەندنی جووڵە ئەژمارکراوەکان ناسراوەتەوە، کە تێیدا ئاڵوگۆڕی لێدانەکان لە نێوان واشنتۆن و تاران لە ئاستێکی مامناوەنددا بەردەوام بووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هێرشەکانی ئێران گەیشتوونەتە ناو خاکی ئوردن و لە سنووری ئیسرائیل نزیک بوونەتەوە، لەوانە ڕەوانەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن میلیشیاکانی عێراقەوە کە لە ئاسمانی ئوردن خراونەتە خوارەوە، هاوکات حوسییەکانی یەمەن گەڕاونەتەوە بۆ شەڕ دژی سعودیە.
لە لایەکی دیکەوە، ئێران هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی نهێنیی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە دامەزراوەی ژێرزەمینیی "چیای قوڵینگ" بونیاد بنێتەوە، سەرەڕای ئەو داڕمانە ئابوورییەی ڕووبەڕووی ڕژێمەکە بووەتەوە و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەقاچاخبردنی چەک بۆ حزبوڵڵا لە ڕێگەی خاکی سوریاوە.
ڕاپۆرتەکە ڕوونی دەکاتەوە کە ئێران میلیشیا عێراقییەکانی بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی "ئارامکۆ" بەکارهێناوە تاوەکو لە ڕێگەی نرخی نەوتەوە فشار بخاتە سەر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و وەک ئامرازێکی "بەرپەرچدانەوەی بێ پەنجەمۆر" بەکاریان بهێنێت بۆ دوورکەوتنەوە لە بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆ.
هەروەک دەڵێت: لە وەڵامی هێرشێکی موشەکیی ئێران بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکی لە ئوردن، واشنتۆنن بۆ ماوەی 13 شەو هێرشی ئاسمانیی کردە سەر چەندین شوێن لە ناوخۆی ئێران، لەوانە وێستگەی ئەتۆمی "دارخوێن" لە باشووری ڕۆژئاوا و بنکەکانی سوپای پاسداران، بۆ لاوازکردنی تواناکانی تاران لە گەرووی هورمزدا.
بەڵام لە 2ی ئابی ئەمساڵدا، ترەمپ هەڵوەشاندنەوەی هێرشێکی سەربازیی گشتگیری ڕاگەیاند دوای بانگەشەی گەیشتن بە ڕێککەوتنی سەرەتایی.
ڕاپۆرتەکە 5 تەوەرەی سەرەکی شیکردۆتەوە: یەکەم، شەڕی ڕاستەوخۆ و لێدانەکانی ئەمریکا. دووەم، هەوڵە نهێنییەکان بۆ بونیادنانەوەی ژێرخانی ئەتۆمی لە "چیای قوڵینگ". سێیەم، سیستەمی موشەکیی کە زیانی زۆری بەرکەوتووە بەڵام نۆژەنکردنەوەی دامەزراوەکانی وەک "تاڵقان-2" دەستی پێکردووە. چوارەم، گەڕانەوەی حوسییەکان بۆ هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی ئەبها و دامەزراوە نەوتییەکان. پێنجەم، بەردەوامیی گواستنەوەی چەک لە ڕێگەی وشکانییەوە؛ بۆ نموونە دەستبەسەرداگرتنی بارهەڵگرێکی سووتەمەنی پڕ لە چەک لە مەرزەی "تەنەف" لە 16ی تەممووزدا ئەوە دەسەلمێنێت کە ڕێگەی ئێران-عێراق-سوریا-لوبنان هێشتا چالاکە.
لە کۆتاییدا، ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە پرسیارە سەرەکییەکە خێرایی بونیادنانەوەی تواناکانی ئێران و کاتی هەستپێکردنی ئەو گۆڕانکارییانەیە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە پێش ئەوەی درەنگ بێت.