شه‌رع كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ بۆ ئیسرائیل دروستده‌كات

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2881 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پێگەی  (Ynet)"ی عیبری لەڕاپۆرتێدا ئاماژەی بەوەکردوە، سوریا لەسایەی سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرعدا بوه‌تە ئاڵنگارییەکی ستراتیژیی ڕاستەقینە بۆ بڕیاربەدەستانی تەلئەبیب، ئەمەش لەئەنجامی ڕەفتارو سیاسەتەكانیه‌وه‌.


ڕاپۆرتەکە بەناونیشانی "چۆن سوریا بوە ئاڵنگارییەکی ستراتیژیی بۆ ئیسرائیل"، پرسیاری لەسەر سوربونی ناوەندە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کردوە لەسەر پۆلێنکردنی شەرع وەک "مەترسییەکی هەرێمیی"، لەکاتێکدا هەنگاوەکانی ئەمدواییەی پێچەوانەی ئەم بۆچونەن. 

ڕاپۆرتەکە ڕونیدەکاتەوە، ئەم وێنە نەرێنییەی بۆ سەرکردایەتیی سوریا دەکێشرێت، زیاتر پەیوەستە بەبەرژەوەندیی سیاسیی ناوخۆیی ئیسرائیل نەک تەنها هۆکاری ئەمنیی.

ئەوەش هاتوە، "سەرۆکی سوریا زنجیرەیەک هەنگاوی کردەیی ناوە کە تەلئەبیبی خستوه‌تە دۆخێکی سەمەرەوە؛ لەوانە مامەڵەی نەرم لەگەڵ کەمکردنەوەی بونی سەربازیی ڕوسیا لەوڵاتەکەیدا، ڕەزامەندیی لەسەر ڕادەستکردنی پاشماوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی سوریا بەئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم‌و دەربڕینی ئامادەیی بەردەوام بۆ گەیشتن بەلێکتێگەیشتن لەگەڵ ئیسرائیل".

ڕاپۆرتەکە ڕونیکردوه‌تەوە، ئەم پێشهاتانە هاوکاتە لەگەڵ لێدوانەکانی ئەمدواییەی سەرۆکی سوریا کە تێیاندا جەختیکردەوە وڵاتەکەی نایەوێت بچێتە هیچ ڕوبەڕوبونەوەیەک لەگەڵ ئیسرائیل‌و هەوڵ بۆ ڕێککەوتنێکی ئەمنیی دەدات کە ڕێگە خۆشبکات بۆ ئاشتییەکی گشتگیر، بەڵام جەختیشیکردەوە، مافی سوریا لەبەرزییەکانی جۆلان هێڵی سورە.

هەروەها دڵنیایی داوەتە وڵاتانی ڕۆژئاواو ناوچەکە کە دیمەشق هیچ نیازێکی بۆ دەستوەردانی سەربازیی لەلوبناندا نییە.

لەکۆتاییدا دەڵێت، "سەرەڕای ئەوەی ڕەنگە سەرۆکی سوریا باوەڕپێنەکراو یان ئاڵۆز دەربکەوێت، بەڵام سوربونی تەلئەبیب لەسەر سەیرکردنی وەک دوژمنێکی حەتمی، وادەکات ئیسرائیل دەرفەتێکی زێڕین بۆ دوبارە ڕێکخستنەوەی هاوکێشەکانی باکوری وڵاتەکە لەدەستبدات".