ئەردۆغان: كوردی سوریا ڕۆڵیان لە بەهێزكردنی سەقامگیری و ئاسایشدا هەیە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 361 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ڕۆژی شەممە دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كورد و پاراستنی مافەكانیان لە وڵاتان لە سەرانسەری ناوچەكە.

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی جەزیرە ئەردۆغان ڕایگەیاند، كوردی سوریا ڕۆڵی خۆیان لە ئاشتی و سەقامگیریدا دەبێت ‌و سوریا بەتەنها نابێت و هەموو هەوڵێكمان بۆ پشتگیریكردنی سەقامگیری وڵاتەكە دەدەین، لە ئایندەیەكی نزیكیشدا سەردانی سوریا دەكەم.

ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا وتی: توركیا ناتوانێت بە تەنیا غەززە بەجێبهێڵێت و ئێمەش هەموو شتێكی پێویست دەكەین بۆ پاڵپشتی كردنی غەززە. جەختیشی لەوە كردەوە كە "حەماس بە دڵسۆزییەوە بەڵێنەكانی جێبەجێ دەكات لە كاتێكدا ئیسرائیل بەردەوامە لە شەڕەكەی".

سەرۆك كۆماری توركیا وتی: پەیوەندیكردن بە یەكێتیی ئەوروپاوە لە پێشینەی كارەكانی ئێمە نییە، پێناچێت ئەوروپا ئامادەبێت توركیا بخاتە نێو یەكێتیی ئەوروپا، بەڵێنێكیشمان لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا وەرگرت سەبارەت بە فڕۆكە جەنگییەكانی ئێف-٣٥ و چاوەڕێی جێبەجێكردنی دەكەین.