زەیدیی گۆڕانكاری ڕیشەیی ڕاگەیاند

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 927 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ساڵی داهاتوو دەبێتە ساڵی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەکەرتی کارەباو بەرهەمهێنان و دابەشکردنی وزە دوو هێندە دەکرێت.
 

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، عەلی زەیديی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی بارەگای وەزارەتی کارەبای کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکە کۆبوەتەوە.

عەلی زەیدیى دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییانی عێراق، رێکارەکانی حکومەتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بەگرفتەکانی دۆسیەی کارەبا بەردەوامن و گوتی، "ساڵی 2027 دەبێتە ساڵی دوو هێندەکردنی بەرهەمهێنان و توانای گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا، ئەمەش سەرەتایەکی گرنگ دەبێت بۆ گۆڕینی دۆخی وزە لەوڵاتدا."

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتویەتی،" پێویستە هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە و بەرەنگاری گەندەڵی ببنەوە".
هەروەها داوای کردوە لێکۆڵینەوەیەکی "بەپەلە" بۆ دابینکردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەکان بکرێت، تاوەکو بۆ هاوینی داهاتوو باشبونێکی بەرچاو لەدۆخی کارەبادا هەبێت.

عەلی فالح زەیدی ژمارەیەک رێنمایی و فەرمانی ئاراستەی وەزیری کارەبا کردووە ئەوانیش، "چاککردنەوەی تەواو بۆ گرفتەکانی ئەو 30 هەزار مێگاواتەی ئێستا بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها کڕینی وزەی هاوردەکراو لە وڵاتانی دراوسێ کە بڕەکەی کەمتر نەبێت لەدە هەزار مێگاوات".

هەروەها زەیدی فەرمانی کردوە بەکڕین و بەرهەمهێنانی 37 هەزار مێگاوات کارەبای دیکە کە بەم شێوەیە دابەش دەبێت:

15 هەزار مێگاوات لەرێگەی کۆمپانیای (جی ئی)ـی ئەمریکی.

12 هەزار مێگاوات لەرێگەی وزەی خۆرەوە.

دە هەزار مێگاوات لەرێگەی وێستگە گەرمییەکانەوە.

بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق 24 هەزار و 600 مێگاواتە، لەکاتێکدا بۆ پێدانی کارەبای بەردەوام پێویستی بە 55 بۆ 60 هەزار مێگاواتە.