شارپرێس:
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی پێشوی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە دەبێت واشنتۆن ڕوو لەپڕچەککردنی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆی ئێران بکات و ئاماژەی بەوەش کرد بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی ستراتیژیی لەسەر تاران ڕەنگە پێویستی بە کردەی سەربازیی زیاتر بێت.
پۆمپیۆ لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی وتی بەهیوایە واشنتۆن پێشتر دەستی بە پێشکەشکردنی پشتیوانیی نهێنیی بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیی کردبێت، هەرچەندە تائێستا هیچ بەڵگەیەکی نەبینیوە ئەوە پشتڕاست بکاتەوە.
ناوبراو ڕونیشی کردەوە کە ئەمریکاو ئیسرائیل دەتوانن پێکەوە کاربکەن بۆ دەستنیشانکردنی لایەنە گونجاوەکانی ناو ئێران و دابینکردنی ئامراز و تەقەمەنیی و تواناکانی پەیوەندیکردن بۆیان.
پۆمپیۆ جەختی لەوە کردەوە کە ئاوێتەکردنی ئەم پشتیوانییە لەگەڵ گوشارە ئابوورییە سەختەکاندا، ڕەنگە وا بکات ئەمریکا کاری سەربازیی زیاتر بکات، چونکە ئامانجی زیاتر هەن کە دەبێت بەردەوام لێیان بدرێت.
سەبارەت بە گەرووی هورمز، وتویەتی کردنەوەی گەرووەکە بەڕووی کەشتیوانیی نێودەوڵەتییدا پێویستە بەڵام بەس نییە، و ڕێگەدان بە تاران بۆ کۆنتڕۆڵکردنی یان سەپاندنی باج، هاندەر دەبێت بۆ هێزەکانی تر تا هەنگاوی هاوشێوە بنێن.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە دا کە بەدەستهێنانی سەرکەوتن تەواو گونجاوە و تەنیا بەردەوامیی لەسەر هەمان ڕێباز پێویستە.