ڕۆژنامەیەکی ڕوسیی ئاشکرایکرد.. هێشتا ئێران بیر لەتۆڵەکردنەوە لەئۆکرانیا دەکاتەوەو بژاردەکان تاوتوێدەکات

جیهان

17/08/2026‌ 226 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئارگۆمێنتی دی فاکتیی ڕوسی، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندوە کە تاران بەفەرمی داوای قەرەبوو لەکیێڤ دەکات بەرامبەر بەبەئامانجگرتنی کەشتییەکی بازرگانی وڵاتەکەی لەدەریای قەزوین لە 25ی تەمموزدا. 

ڕۆژنامەکە ئاشکرایکردوە کە ئێرانییەکان جەخت دەکەنەوە کە هێرشەکە بەڕێکەوت نەبووە و پلان بۆ داڕێژراو بوە، بەڵام لەبەرامبەردا دەسەڵاتدارانی کیێڤ هەوڵ دەدەن بارودۆخەکە ئارام بکەنەوە  و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لێدانەکە بە بێ مەبەست بووە.

سەبارەت بە ئەگەری کاردانەوەی تاران، ئەلێکسی لیۆنکۆڤ، شیکەرەوەی سەربازیی ڕووسی لەلێدوانێکدا بۆ رۆژنامەکە، روونیکردۆتەوە کە ئەگەری وەڵامدانەوەی دیپلۆماسی یان ئابووریی لەلایەن ئێرانەوە دوورە و پێشبینی وەڵامێکی سەربازی دیاریکراو دەکرێت.

بە بڕوای ئەو شیکەرەوەیە، هێرشەکە بەشێوەیەکی بەربڵاو و بە بەکارهێنانی چەکی قورس نابێت، چونکە ئاڕاستەکردنی مووشەک بۆ ناو ئۆکرانیا پێویستی بە بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتانی خاوەن سەروەری وەک جۆرجیا، ئەرمەنستان و ئازەربایجان هەیە کە ئەوەش لە ڕووی سیاسییەوە ئاڵۆزی درووست دەکات.

لیۆنکۆڤ باسی لەوەش کردووە کە لەبری مووشەک یان بەلەمی بێسەرنشین کە پێویستی بە لۆجستیکێکی زۆر ئاڵۆز هەیە بۆ گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست، ئێران ڕێگە ئاسانەکە هەڵدەبژێرێت. 

بەپێی وتەی ئەو، ئەگەری زۆرە تاران درۆنێکی دوورمەودا بەکاربهێنێت بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییەکی بارهەڵگری ئۆکرانی کە بەرهەمی سەربازیی و کەرەستەی لۆجستیکی بۆ بەندەری ئۆدێسا دەگوێزێتەوە.