شارپرێس:
تاران پەیامێکی
توندی ئاڕاستەی نەیارانی کردو ڕایگەیاند، هێزە چەکدارەکانیان توانایەکی بێوێنەیان
لەچاودێریکردنو دزەکردنە ناو قوڵایی بنکە سەربازییەکانی دوژمن پەرەپێداوە؛ هاوکات
وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە جەختدەکاتەوە، ڕێگە بەهیچ جوڵەیەکی سەربازیی نادەن کە
ئاسایشو سەربەخۆیی خاکەکەیان بخاتە مەترسییەوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ بەرپەرچدانەوەی
هەر دەستدرێژییەک لەنێوەندی گرژییەکانی ناوچەکەدا.
بهگوێرهى
ئامارەکانی دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا، گەشتەکانی تێپەڕین
لەگەروی هورمز بەڕێژەی 90٪ کەمیکردوە بەبەراورد بەئاستی پێش ململانێکان، لە28ی
شوباتەوە تائێستا، تەنها تێپەڕبونی 18 کەشتی بۆ دەرەوەی کەنداوو 21 کەشتیش بۆ ناوەوەی
کەنداو تۆمارکراوە کە ئەمەش تەنها 4٪ی ئاستی جارانی هاتوچۆی کەشتییەکانە.
دەستەکە ئاماژەی
بەوەشکردوە، دراوەکان نیشانیدەدەن خاوەن کەشتییەکان زیاتر مەیلیان بۆ بەکارهێنانی ڕێڕەوی
باکور لەگەروەکەدا هەیە، ئەمەش بەهۆی ترسی بەردەوام لەهێرشەکان، هەروەها ڕێڕەوی
عومان لەگەروی هورمز بەمەترسیدارترین ناوچە دادەنرێت، بەجۆرێک لەکۆی 16 ڕوداوی تۆمارکراو
لەماوەی نێوان 6ی تەمموز تا 6ی ئاب، 14 ڕوداویان لەوێبوە، کۆی گشتیی ڕوداوە ڕاگەیەندراوەکانیش
لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا 6ی ئاب گەیشتوەتە 74 ڕوداو.
ئەم پاشەکشەیەی
جوڵەی کەشتییەکان هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی هەڵوێستەکانی ئێران سەبارەت بەشەڕو
گفتوگۆکان، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، ئەو ئەنجامانەی لەگفتوگۆکاندا
بەدەستهاتون "دەستکەوتێکی گەورەن"و ڕەزامەندی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای
ئاسایشی نەتەوەیییان لەسەرە.
پزیشکیان وتیشی،
"وڵاتەکەی لەبەرامبەر زۆردارییو ملھوڕیدا سەر دانانهوێنێت"، جەختیشیکردەوە،
"ئێران بەردەوامدەبێت لەبەرگرییو بەتوندی وەڵامدەداتەوە، بەڵام لەهەمانکاتدا
جەختیش لەپێویستی گەیشتن بەکۆتایی شەڕ دهكهینهوهو دەبێت شەڕ لەقۆناغێکدا کۆتایی
بێت، باشترە ئەمڕۆ کۆتایی پێبهێنین لەکاتێکدا لەپێگەی هێزداین"، ئاماژەی بەوەشکرد
کە حکومەتەکەی کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانو بەرەوپێشبردنی وڵات لەڕێگەی
یەکدەنگییو تەباییەوە.
لەسەر ئاستی سەربازیش،
سەید مەجید ڕەزا سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگریی ئێران ڕایگەیاند، "وڵاتەکەی دەستپێشخەری
شەڕ نەبوەو ڕێگەش نادات بەهیچ دەستدرێژییەکی سەربازیی بۆسەر خاکو سەربەخۆییو
ئاسایشی".
ئهوهشى وت،
"تواناکانی بەرگریی ئێران ئامانجیان ڕێگریکردنە لەشەڕ نەک هەڵگیرساندنی،
تاران لەم ململانێیانەی دواییدا توانای چاودێریکردنی جوڵە ناوچەییەکانو دزەکردنە
ناو بنکەکانی نەیارانیو گەیاندنی زیانی گەورەتری پەرەپێداوە".
لەلایەکی دیكهوه،
محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، داوای ئامادەکاریی کرد بۆ ڕوبەڕوبونەوەی
ئەوەی کە بە"سزا توندەکان" وەسفیکرد، ئەمەش دوای ئەوەی سکۆت بێسێنت وەزیری
خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاند، پاکێجێکی نوێی سزا بەسەر تاراندا دەسەپێنن.
