ئیسرائیل لەئامادەباشیدایه‌؛ حزبوڵڵا پلانی هەڵکشانی سەربازیی دادەنێت‌و واشنتۆنیش گەمارۆکانی توندتر دەکات

جیهان

60 خولەک پێش ئێستا‌ 2077 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حزبوڵڵای لوبنان له‌په‌یامێكى پڕ له‌هۆشداریدا ڕایدەگەیەنێت، سزاکانی واشنتۆن‌و بەستنەوەی ڕاستەوخۆی حزبەکە بەسوپای پاسدارانی ئێرانەوە، هیچ گۆڕانکارییەک لەستراتیژیی ئەوان بەرامبەر ئیسرائیل دروستناکات.


حزبوڵڵای لوبنان لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوه‌، ئەو سزا نوێیانەی ئەمریکا بەسەریدا سەپاندویەتی، نابنە ڕێگر لەبەردەم پابەندبونیان بە"ڕێبازی بەرگریی"و پاراستنی سەروەریی خاکی لوبنان.

ئەم هەڵوێستەی حزبوڵڵا دوای ئەوەدێت، واشنتۆن داڕشتنە یاساییەکانی بۆ ناساندنی ئەو حزبە گۆڕیی‌و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەک "درێژکراوەی ڕژێمی ئێران‌و سوپای پاسداران" وەسفیکرد.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممەى ڕابردوو، حزبوڵڵای وەک هێزێک پۆلێنکرد کە لەخزمەت ئەجێنداکانی ئێران‌و لەژێر فەرمانی سوپای پاسداراندایە، هاوکات سزای بەسەر 10 کەسدا سەپاند کە تۆمەتبارن بەئەندامبون لەتۆڕێکی دارایی ئاڵۆز، به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی ئەمریکا، ئەم تۆڕە گەشتە بازرگانییەکانی نێوان (لوبنان، تورکیا، ئیمارات‌و ئێران)ی بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی سەدان ملیۆن دۆلار بەمەبەستی دەربازبون لەسزاکان.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتویه‌تى، "واشنتۆن ساڵانێکە بەڵگەی وردی لەسەر یەکگرتنی کارگێڕیی، دارایی‌و لۆجستی نێوان حزبوڵڵاو فەیلەقی قودس کۆکردوەتەوەو ئەو حزبە بەبەشێکی دانەبڕاو لەسوپای پاسداران دادەنێت.

لەبەرامبەردا، حزبوڵڵا بەڕاشکاوی ڕایگەیاند، "شانازیی بەپەیوەندییە قوڵەکانی لەگەڵ تاران دەکات، حزبەکە ئەو تۆمەتانەی ئەمریکاشی ڕەتکردەوە کە گوماندەخەنەسەر ناسنامەو نیشتمانپەروەریی لوبنانییانەی ئەو حزبەو جەختیکردەوە، ئەم سزایانە تەنها بۆ فشارخستنەسەر لایەنگرانیان‌و پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلە.

هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییە دیپلۆماسییانەدا، دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل هۆشداریدەدەن، حزبوڵڵا پلان بۆ پەرەپێدانی ئۆپۆراسیۆنە سەربازییەکانی دژی سوپای ئیسرائیل لەناوخۆی لوبنان دادەنێت، بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیل-یش دەڵێن، "هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە ڕوبەڕوی وەڵامێکی توندی سوپای ئیسرائیل دەبێتەوەو مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوانتر لەسەر سنورە باکورییەکان زیاد دەکات‌و ئێستاش سوپای ئیسرائیل بەوردی چاودێریی هەر گۆڕانکارییەک لەجوڵە مەیدانییەکانی حزبوڵڵادا دەکات".