شارپرێس:
دەوڵەت باخچەلی
سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپهرست (مەهەپە)، لەهەڵسەنگاندنێکدا بۆ پرۆسەی ئاشتیو
کۆمەڵگەی دیموکراسی ڕایگەیاند، پێویستە ئەو مەرجانە دابینبکرێن کە دەرفەت بۆ عەبدوڵڵا
ئۆجەلان دەڕەخسێنن تا لەقۆناغی داهاتودا بتوانێت بەردەوامبێت لەبەشداریکردنو پێشکەشکردنی
هاوکاریی بۆ پرۆسەکە.
باخچەلی لەلێدوانێکدا
بۆ ڕۆژنامەی "تورکگون" سەبارەت بەو "یاسا چوارچێوەییە"ی کە لەپەرلەمان
پەسەندکراوە وتی، "ئەو یاسایەی کە لەئەنجامی ڕاپۆرتی لیژنەی پێکەوەژیانی نەتەوەیی،
برایەتیو دیموکراسی ئامادەکراوە، یەکەم هەنگاوی بنەڕەتییە بۆ ڕێکخستنی یاسایی پرۆسەکە".
ئاماژەی بەوەشکرد،
دوای ئەوەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لەڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوە،
ئامانجەکە ئەوەیە ڕێکارەکانی تایبەت بەدواخستنی جێبەجێکردنی حوکمەکانو لێکۆڵینەوەکان
دیاریبکرێن.
سەرۆکی مەهەپە
ڕونیکردەوە، ئەم یاسایە بەواتای هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکان یان کۆتاییهێنان بەبەرپرسیارێتیی
تاوانکاری نایەت، بەڵکو تەنها ڕێکخستنێکی سنوردارو مەرجدارە لەناو سیستەمی دادوەرییو
یاسای جێبەجێکردنی سزاکاندا، هەموو لێکۆڵینەوەو حوکمە جێگیربوەکانیش بەئەنجامە یاساییەکانیانەوە
دەمێننەوەو هیچ گۆڕانکارییەک لەجۆری تاوان یان بەرپرسیارێتیی سزادراواندا ڕوینەداوە.
لەکۆتایی قسەکانیدا
باخچەلی جەختیکردەوە، "پەسەندکردنی ئەم یاسایە کۆتایی ڕێگەکە نییە، بەڵکو دەستپێکی
قۆناغێکی نوێیە بۆ ڕێکخستنی یاساییو کارگێڕیی، لەم قۆناغەدا جێبەجێکردنی بڕیارەکانی
دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا (AİHM)و هەموو ئەو بابەتە مشتومڕاوییانەی
پەیوەندییان بەچەسپاندنی دادپەروەرییەوە هەیە، دەخرێنە بەرباسو لێکۆڵینەوە".
