لابردنی سێ سفری دیناری عێراقی؛ لەنێوان سودی ئابوريی و مەترسییە یاساییەکان

توێژینەوە و شیکاریی

49 خولەک پێش ئێستا‌ 1247 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لوقمان مستەفا


پێشەکی
بابەتی لابردنی سفرەکان لە دیناری عێراقی، یەکێکە لەو بابەتە ئابووری و داراییە گرنگانەی کە هەر جارێک دەخرێتە بەر گفتوگۆ، پرسیارێکی گەورە دروست دەکات: ئایا لابردنی سێ سفر لە دراوی عێراقی دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دینار و باشترکردنی بارودۆخی ئابووری، یان تەنها گۆڕینێکی تەکنیکییە کە بەخۆی هیچ گۆڕانێک لە بەهای ڕاستەقینەی دراوەکە دروست ناکات؟

لە ڕووی ئابوورییەوە، لابردنی سفرەکان بە مانای ئەوە نییە کە بەهای ڕاستەقینەی دینار بە خۆڕایی زیاد دەبێت. بۆ نموونە، ئەگەر ١٠٠٠ دینار ببێتە ١ دینار نوێ، بە مەرجێک کە هەموو نرخەکان، مووچەکان، قەرزەکان و داراییەکان بە هەمان ڕێژە بگۆڕدرێن، بەهای ڕاستەقینەی سامانی کەسەکە ناگۆڕێت.

بانکی ناوەندی عێراق لە بەڵگەیەکی تایبەت بە پڕۆژەی «حذف الأصفار الثلاثة» لە ساڵی ٢٠١٢دا، ئەم پرۆژەیەی بە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی سیستەمی دراو و چارەسەرکردنی کۆمەڵە دراوێکی زۆر و ژمارە گەورەکانی پەیوەست بە مامەڵە نەقدییەکان باس کردووە. 

یەکەم: سودەکانی لابردنی سێ سفر
١-ئاسانکردنی مامەڵە نەقدییەکانە. ژمارە گەورەکانی دینار لە ژیانی ڕۆژانەدا هۆکاری هەندێک ئاڵۆزی لە حسابکردن و تۆمارکردنی مامەڵەکانن. کەمکردنەوەی ژمارەی سفرەکان دەتوانێت نووسین و خوێندنەوەی نرخ و حسابەکان ئاسانتر بکات.

٢-کەمکردنەوەی کۆست و قەبارەی مامەڵە نەقدییەکانە. لە پڕۆژەکانی ڕێکخستنەوەی دراو، کەمکردنەوەی ژمارەی سفرەکان دەتوانێت بە شێوەیەکی تەکنیکی کاریگەری لە چاپ، گواستنەوە، هەڵگرتن و ژماردنەوەی پارەی نەقد هەبێت.

٣-یارمەتیدان بە ڕێکخستنی سیستەمی حسابداری و بانکیە. ژمارە کەمترەکان دەتوانن لە سیستەمەکانی بانکداری و حسابداری، بە تایبەتی لە سیستەمە دیجیتاڵەکان، هەندێک کار ئاسانتر بکەن.

٤-ئەگەر ئەم پرۆژەیە لەگەڵ ئیسلاحی بانکی، کۆنترۆڵکردنی گەشەی نقدینە، کەمکردنەوەی گەندەڵی، بەهێزکردنی بەرهەمهێنان و جێگیرکردنی سیاسەتی دارایی جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت ببێتە بەشێک لە پرۆسەی نوێکردنەوەی سیستەمی دارایی و بانکی وڵات.

دوەم: زیان و مەترسییەکان
لەگەڵ ئەو سودانەشدا، لابردنی سفرەکان مەترسیی خۆی هەیە، بە تایبەتی ئەگەر لە کاتی نادروست و بەبێ ئامادەکاری جێبەجێ بکرێت.

١-مەترسی، تێکچوونی متمانەی خەڵک بە دراوەكە ئەگەر هاووڵاتی هەست بکات کە لابردنی سفر بە مانای کەمبوونەوەی بەهای داراییەکەیە، دەتوانێت هەڵسوکەوتی خۆی بگۆڕێت و بەرەو دۆلار، زێڕ یان دراوە بیانییەکان بچێت.

٢-مەترسی، هەڵە لە گۆڕینی نرخ و حسابەکانە. لە کاتی گۆڕینی دراوە کۆنەکە بۆ نوێ، دەبێت ڕێژەی گۆڕین بە یاسا و بە شێوەیەکی ڕوون دیاری بکرێت، بۆ ئەوەی هیچ لایەنێک نتوانێت بە هۆی گردکردنەوە یان گۆڕینی نرخەکان زیان بە هاووڵاتی بگەیەنێت.
بۆ نموونە، ئەگەر ١٠٠٠ دیناری کۆن = ١ دیناری نوێ بێت، ئەوا مووچەی ١،٥٠٠،٠٠٠ دینار دەبێتە ١،٥٠٠ دیناری نوێ؛ بەڵام هەمان شت دەبێت بۆ نرخەکان، کرێی خانوو، قەرز، پاشەکەوت و هەموو پابەندییە داراییەکان جێبەجێ بکرێت.

سێیەم: ڕوی یاسایی
لە ڕووی یاساییەوە، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: کێ دەسەڵاتی دەرکردن و گۆڕینی شێوە و پۆلەکانی دراوی عێراقی هەیە؟
بەپێی یاسای بانکە ناوەندیی عێراق ژمارە ٥٦ی ساڵی ٢٠٠٤ ـی هەموارکراو، بانکە ناوەندیی عێراق دەسەڵاتی دەرکردن و بەڕێوەبردنی دراوی عێراقی هەیە و ماددەکانی ٣٢ و ٣٣ چوارچێوەی ئەم دەسەڵاتە دیاری دەکەن. 

لەبەر ئەوە، لابردنی سفرەکان نابێت وەک «گۆڕینی ژمارەیەک» تەنها سەیر بکرێت؛ بەڵکو پڕۆسەیەکی یاسایی ـ دارایییە کە پێویستی بە ڕێکخستنی وردی مافی خاوەن پارە و پابەندییە داراییەکان هەیە.

چوارەم: نمونەی یاسایی
با گریمانە بکەین یاسایەکی نوێ دەرچوو و بڕیار درا (١٠٠٠ دیناری کۆن = ١ دیناری نوێ ـ کەسێک لە بانک ٥٠،٠٠٠،٠٠٠ دیناری هەبێت).

بەپێی ڕێژەی گۆڕین: (٥٠،٠٠٠،٠٠٠ دیناری کۆن ÷ ١٠٠٠ = ٥٠،٠٠٠ دیناری نوێ)، لێرەدا دەبێت یاسا بەڕوونی دیاریبکات کە گۆڕینی ژمارەکان نابێت ببێتە هۆی کەمکردنەوەی مافی دارایی خاوەن پارە.

هەمان بنەما دەبێت لە قەرزەکانیشدا جێبەجێ بکرێت.
بۆ نموونە، ئەگەر کەسێک ٢٠٠،٠٠٠،٠٠٠ دینار قەرزدار بێت، دوای لابردنی سێ سفر دەبێت قەرزەکە ببێتە:

٢٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ÷ ١٠٠٠ = ٢٠٠،٠٠٠ دیناری نوێ.

ئەگەر یاسا بە شێوەیەکی نادروست جێبەجێ بکرێت و یەکێک لە لایەنەکان بتوانێت بە هۆی گۆڕینی ژمارەکان قەرزەکە کەم یان زیاد بکات، ئەمە دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی ناکۆکی و دادگایی.

پێنجەم: گرێبەستەکان و مافی هاوڵاتی
پرسیارێکی گرنگی یاسایی ئەوەیە کە چی بەسەر گرێبەستە کۆنەکاندا دێت؟، بۆ نموونە، ئەگەر گرێبەستێک بە بڕی ٣٠٠ ملیۆن دینار واژۆ کرابێت و لابردنی سفرەکان دوای ئەوە جێبەجێ بکرێت، دەبێت یاسا یان ڕێنماییەکان بە ڕوونی دیاری بکەن کە:

٣٠٠ ملیۆن دیناری کۆن = ٣٠٠ هەزار دیناری نوێ، بەڵام ئەمە تەنها گۆڕینی ژمارەییە، نەک گۆڕینی بەهای واقعی پابەندییەکە، هەمان بنەما دەبێت بۆ مووچە، خانەنشینی، قەرز، پاشەکەوتی بانک، کرێ، باج، کۆمپانیا و هەموو مامەڵە داراییەکان جێبەجێ بکرێت.

شەشەم: لابردنی سفرو بەهێزکردنی دینار
یەکێک لە هەڵە تێگەیشتنە باوەکان ئەوەیە کە خەڵک وا دەزانن ئەگەر سێ سفر لە دینار بسڕدرێتەوە، دینار بەخۆی بەهێز دەبێت.
ئەمە بە شێوەیەکی خۆکار ڕاست نییە.

ئەگەر ١ دۆلار = ١٣١٠ دینار بێت، و تەنها سێ سفر بسڕدرێتەوە، لە هەمان ڕێژەدا:

١ دۆلار = ١.٣١ دیناری نوێ، لە هەمان کاتدا توانای کڕینی دینار بە شێوەی خۆکار زیاد نابێت.

بانکی ناوەندی عێراق لە ساڵانی نزیکدا بەردەوام جەختی لەسەر جێگیری نرخی دراو و پاراستنی ئاستی گشتیی نرخەکان کردووەتەوە و لە ٢٠٢٥دا ڕایگەیاندووە کە هیچ نیازی بۆ گۆڕینی نرخی فەرمی دینار نییە. 

دەرەنجام
لابردنی سێ سفر لە دیناری عێراقی، ئەگەر بە پلانی زانستی، ئابووری و یاسایی و بە ئامادەکارییەکی تەواو جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت سودی هەبێت لە ڕێکخستنی سیستەمی دراو، ئاسانکردنی مامەڵەکان و کەمکردنەوەی قەبارەی ژمارەیی دراو.

بەڵام ئەگەر لەگەڵ چاكسازی ئابووری، بانکی و دارایی نەبێت، لابردنی سفرەکان بە تەنیا ناتوانێت کێشەکانی دینار چارەسەر بکات.
لەڕوی یاساییەوە، گرنگترین بنەما ئەوەیە کە گۆڕینی شێوەی دراو نابێت ببێتە هۆی گۆڕینی مافی داراییی هاوڵاتیان، بۆیە دەبێت یاسا بەوردی ڕێژەی گۆڕین، ماوەی گواستنەوە، مافی خاوەن پارە، گرێبەستەکان، قەرزەکان، پاشەکەوتە بانکییەکان و ڕێکاری چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دیاریبکات.

لەکۆتاییدا، لابردنی سفرەکان ئامرازێکی ڕێکخستنی دراوە، نە جادوی بەهێزکردنی ئابوريی. بەهێزبوونی دینار پێویستی بەبەرهەمهێنان، زیادکردنی داهاتی ناوخۆ، کەمکردنەوەی پشتبەستن بەنەوت، چاكسازی بانکيی، کۆنترۆڵی گەندەڵی و سیاسەتی دارایی و نەختینەیی جێگیر هەیە.