بەرپرسێکی ئەمریکی: هێرشە موشەکییەکانی ئێران لەئوردن زیانی گەورەیان نەبوە

جیهان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3200 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دیمەنی ململانێی نێوان تاران‌و واشنتۆن ئاڵۆزتر دەبێت؛ لەکاتێکدا سوپای پاسداران ڕادەگەیەنێت، ژێرخانی دوو بنکەی ئەمریکی لەئوردن تێکشکاندوە، واشنتۆن ڕەتیدەکاتەوە زیانی پێگەیشتبێت‌و جەختدەکاتەوە، هێرشەکان تەنها وەڵامێکی بێکاریگەربون بۆ تێکشکاندنی سەکۆ موشەکییەکانی ئێران لەگەروی هورمز.


کەناڵی فۆکس نیوز لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، "هێرشەکانی ئێران بۆسەر هێزەکانمان لەئوردن هیچ زیانێکی گەورەیان نەبوەو سەرجەم موشەکەکان بەرپەرچدراونەتەوەو تێکشکێندراون".

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێران لەوەڵامی ئەو هێرشەی کرایەسەر پێگەکانی لەگەروی هورمز، چەند موشەکێکی بالیستی ئاڕاستەی بنکەیەکی ئەمریکی لەئوردن کردوە".

لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی ئەکسیۆس لەزاری سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، "هێزەکانمان چەند پێگەیەکی سەربازیی ئێرانییان کردوەتە ئامانج، بەمەبەستی ڕێگریکردن لەبڵاوکردنەوەی مینی دەریایی لەگەروی هورمزدا".

ئەم پێشهاتانە دوای ئەوەدێن، بەرپرسێکی ئەمریکی دوێنێ یەکشەممە ئاشکرایکردبوو، دوو سەکۆی هاویشتنی موشەکی سوپای پاسدارانیان لەدورگەی (لارک) لەباشوری ئێران بۆردومانکردوە. لەبەرامبەردا سوپای پاسداران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی کردو دواتر تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، هاویشتنی ژمارەیەک موشەکی بەرەو چەند ئامانجێکی ناوچەکە پشتڕاستکردەوە.