بەبێ باسکردنی گروپە چەکدارەکان حکومەتی عێراق دەڵێت 30ی ئەیلول ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق دەچنە دەرەوە

عیراق

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2166 جار خوێندراوه‌ته‌وه

وتەبێژی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە جەختیکردەوە لەوەی 30ی ئەیلول هاوپەیمانان لە عێراق دەچنە دەرەوە، بەڵام وتەبێژەکەی حکومەتی عێراق باسی لە پڕۆسەی چەکدانانی گروپەکان نەکرد و تەنها وتی: دەستور ڕێگە بە گروپی چەکدار نادات.

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیران پێشنیازی هەندێک لە وڵاتانی بۆ مانەوەیان لە عێراق دوای مانگی ئەیلول ڕەتکردوەتەوە.

باسی لەوەشکرد، بنەما دەستوورییەکان و پێکهێنانی هەر جۆرە گرووپێکی چەکداری لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکان بە تەواوی قەدەغە دەکەن.

لەبارەی سەروەریی وڵاتیشەوە ڕوونی کردەوە، حکوومەت چاوەڕوانی 30ـی ئەیلوولی داهاتوو دەکات، چونکە دەبێتە پێوەرێکی گرنگی سەروەری بۆ دەوڵەت و گەلی عێراق و لەو وادەیەدا کۆتاییی بە بوونی نێردەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەر خاکی عێراق دێت.