دوای هەنگاوەکەی ئەمریکا دژ بەبانکی میسر لەئیمارات چی ڕودەدات؟

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2572 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەسەڵاتدارانی میسرو ئیمارات کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بەلقەکانی (بانکی میسر) لەئیمارات، دوای ئەوەی واشنتۆن گومانی سپیکردنەوەی پارەو هاوکاریی دارایی ئێرانی خستەسەر ئەو بانکە.


وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لقەکانی بانکی میسری لەئیمارات خستوەتە ژێر ڕێکاری تایبەتەوە، چونکە گومانی ئەوەی لێدەکرێت ببێتە وێستگەیەکی سەرەکی بۆ دەستکەوتنی دۆلاری ئەمریکی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە.

به‌گوێره‌ى بەیاننامەکەی وەزارەتی گەنجینە، لیستی کڕیارانی ئەم بانکە چەندین کۆمپانیای تێدایە کە کاردەکەن بۆ وەزارەتی بەرگریی ئێران، سوپای پاسداران‌و تەنانەت سپیکردنەوەی پارە بۆ موجتەبا خامنەیی کوڕی ڕێبەری باڵای ئێران.

ئامارەکان ئاماژە بەوەدەکەن، بانکەکە لەنێوان کانونی دوەمی 2024 تا حوزەیرانی 2026، مامەڵەی بەبەهای 1.8 ملیار دۆلار بۆ 103 کۆمپانیا ئەنجامداوە کە پێدەچێت بەشێکبن لەتۆڕە بانکییە شاراوەکانی ئێران.

بانکی ناوەندیی میسرو ئیمارات لەبەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، هەماهەنگیی تەواویان هەیەو لقەکانی بانکی میسر لەئیمارات لەئێستادا بەشێوەیەکی ئاسایی کاردەکەن، هاوکات بانکی ناوەندیی ئیمارات بڕیاریداوە "پشکنینێکی بەپەلەو ورد" بۆ مامەڵەکانی ئەو بانکە بکات تا دڵنیاببنەوە لەوەی زیان بەناوبانگی دارایی ئیمارات ناگات.

ماجد بن وەقیش پارێزەری ئیماراتی دەڵێت، "ئەم بەیاننامە هاوبەشە بەواتای بێبەریبونی بانکی میسر نایەت، بەڵکو ئیمارات دەیەوێت جیاوازیی بکات لەنێوان سەروەریی یاسایی خۆیی‌و ڕێکارەکانی ئەمریکا، لەکاتێکدا پشکنینێکی ورد بۆ لقەکان دەستپێدەکات".

بڕیارەکەی ئەمریکا هێشتا نەبوەتە سزای کۆتایی، بەڵکو پێشنیازەو ماوەی 30 ڕۆژ دانراوە بۆ وەرگرتنی تێبینی‌و بۆچونه‌كن پێشئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەگەر بڕیارەکە پەسەندبکرێت، ئەوا دەستڕەسی لقەکانی بانکی میسر بۆ سیستەمی بانکیی ئەمریکا دەبڕدرێت، ئەمەش بەواتای قەدەغەکردنی هەموو مامەڵەکانی ئەو بانکەیە بەدراوی دۆلار.

جەیمس جێفری دیپلۆماتکاری پێشوی ئەمریکا، بەکەناڵی حوڕه‌ى وتوه‌، ئەم بڕیارە بەشێکە لەپرۆسەی خنکاندنی هێمنی پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران، واشنتۆن دەیەوێت لەڕێگەی ئەمجۆرە فشارانەوە هاوكاریى دارایی ئێران لەو وڵاتانە ببڕێت کە تاران وەک دەرچەیەک بۆ بازدانی بەسەر سزاکاندا بەکاریاندەهێنێت.

ئەم ڕێکارە نوێیانەی ئەمریکا پشتیان بەمادەی 311ی یاسای (پاتریۆت) بەستوە کە دەسەڵات دەداتە وەزارەتی گەنجینە دژی هەر دامەزراوەیەکی دارایی بیانی بوەستێتەوە کە ببێتە سەرچاوەی نیگەرانی بۆ سپیکردنەوەی پارە لەئاستی جیهاندا.