شارپرێس:
زۆرێک لەوانەی چاودێری کۆبونەوە لوتکە نێودەوڵەتییەکانی
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەن، سەرنجیان بۆ کچە وەرگێڕێکی سەرپۆشپۆش ڕادەکێشرێت کە لەتەنیشت
سەرۆکەوە وەستاوە، ئەو تەنها وەرگێڕێک نییە، بەڵکو گوزارشتە لە(تۆڵەیەکی مێژویی)و
گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لەناسنامەی تورکیادا، ئەو فاتیمە قاوقچییە؛ کچی ئەو ژنەی ڕۆژێک
لەڕۆژان بەهۆی سەرپۆشەکەیەوە لەپەرلەمانی تورکیا دەرکراو ڕەگەزنامەکەی لێسەندرایەوە.
برینێکی کۆن؛ مهروە قاوقچیو مێژویەکی تاڵ
ساڵی 1999، مهروە قاوقچی (دایکی فاتیمە) وەک
یەکەم پەرلەمانتاری سەرپۆش لەمێژوی تورکیادا هەڵبژێردرا، بەڵام کاتێک بەسەرپۆشەوە
چوە ناو هۆڵی پەرلەمان، ڕوبەڕوی شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی بوەوە، لهوكاتهدا بوڵنت
ئەجەوید سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی تورکیا، بەهاوارەوە وتی، "شوێنی ئەم ژنە لێرە
نییە، سنورێکی بۆ دابنێن!".
مهروە بەسوکایەتییەوە لەپەرلەمان دەرکرا، ڕەگەزنامەی
تورکیشى لێسەندرایەوەو ناچاربوو وڵات بەجێبهێڵێتو بەرەو ئەمریکا کۆچ بکات.
لەتاراوگەوە بۆ لوتکەی دەسەڵات
فاتیمە کە کچی ئەو مهروهیه، لەئەمریکا گەورەبوو
و لەزانکۆی (جۆرج واشنتۆن) خوێندنی لەبواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا تەواوکرد،
ئەو لەوێ ژیانێکی ئەکادیمیو سیاسیی سەرکەوتوی هەبوو، بەڵام کاتێک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان
بوو بەدەسەڵاتداری تورکیاو یاسای قەدەغەکردنی سەرپۆشی هەڵوەشاندەوە، خێزانی قاوقچی
گەڕانەوە.
چۆن بوو بەوەرگێڕی ئەردۆغان؟
فاتیمە قاوقچی (کە بەفاتیمە ئەبوشەنەب
ناسراوە)، بەهۆی ئەوەی لەئەمریکا گەورە ببوو، زمانەوانییەکی بێوێنەی لەزمانی ئینگلیزیدا
هەبوو، ئەردۆغان کە هەمیشە دەیەوێت پەیامی سەرکەوتنی ئیسلامییەکان بەسەر عەلمانییە
توندڕەوەکاندا نیشانبدات، فاتیمەی وەک ڕاوێژکاری خۆییو وەرگێڕی تایبەت لەکۆبونەوە
هەستیارەکاندا (لەوانە کۆبونەوەکانی لەگەڵ جۆو بایدن) دەستنیشانکرد.
پەیامە سیاسییەکەی پشت فاتیمە
بونی فاتیمە لەتەنیشت ئەردۆغان تەنها بۆ وەرگێڕان
نییە؛ ئەوە پەیامێکی سیاسیی توندە بۆ نەیارانی ناوخۆی ئەردۆغان، ئەردۆغان دەیەوێت
پێیان بڵێت، "ئەو کچەی دایکیتان لەپەرلەمان دەرکردو ڕەگەزنامەتان لێسەندەوە،
ئێستا کچەکەی لەتەنیشت منەوە دانیشتوەو بڕیارە هەستیارەکانی تورکیاو جیهان وەرگێڕان
دەکات".
بازنەی مێژوو تەواوبوو
فاتیمە ئەمڕۆ بوەتە یەکێک لەمتمانەپێکراوترین
کەسەکانی ئەردۆغان، ئەو ژیانەی لەساڵی 1999 بەگریانو دەربەدەریی مهروەی دایکی دەستیپێکرد،
لەساڵی 2024دا بەدەسەڵاتو شکۆی فاتیمەی کچی لەکۆشکی سەرۆکایەتیو لوتکەکانی (ناتۆ)دا
گەیشتوەتە ئەنجام، وهكو ئهردۆغان وتویهتى، "فاتیمە تەنها دەنگ نییە، بەڵکو
سیمبوڵی تورکیایەکی نوێیە کە تێیدا سەرپۆش چیتر ڕێگرنییە لەگەیشتن بەلوتکەی دەسەڵات".
