كهنداڵ جودی ـ شارپرێس:
دوای 12 ساڵ لەپەیڕەوکردنی سیستەمی فرەزمانی
لەڕۆژئاوای کوردستان، بڕیارە نوێیەکانی حکومەتی سوریا سەبارەت بەسنوردارکردنی وانەکانی
زمانی کوردیو گۆڕینی بۆ بابەتێکی "هەڵبژاردە"، شەقامی کوردیو ناوەندە
ئەکادیمییەکانی توشی نیگەرانی کردوە، لەکاتێکدا شام دان بەبڕوانامەکاندا دەنێت،
زانکۆی ڕۆژئاوا ئەم هەنگاوە بەپاشەکشە ناودەباتو مۆدێلی دوزمانی وەک چارەسەر پێشنیاز
دەکات.
بڕیاری نوێو گفتوگۆکان لەسەر پەروەردە بەزمانی
کوردی
حکومەتی کاتیی سوریا لەڕێگەی وەزارەتی پەروەردەوە
پێش چەند ڕۆژێک، سەبارەت بەپەروەردە بەزمانی کوردی لەناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان
بڕیارێکی نوێی لەسەر بنەمای بڕیارنامەی ژمارە (13) دەرکرد، کە لەلایەن ئهحمهد شهرع
سەرۆکی سوریاوە دەرچوە.
ئەم بڕیارە بوەتە جێگەی گفتوگۆو نیگەرانی لەناو
شەقامی کوردیدا، بەشێک لەکوردان ئەم هەنگاوە وەک هەنگاوی یەکەم دەبیننو پێیانوایە،
پێویستە کارو خەباتی بۆ بکرێت تا تەواوی مافەکانی زمانی کوردی بەدەستبهێنرێنو ئەم
بڕیارە لەدەستوردا جێگیربکرێت، بەڵام بەشێکی دیکە لەکوردان دەڵێن کە ناڕونییەک لەبڕیارەکەدا
هەیەو ئەم بڕیارە بەتەنها بۆ پەروەردە بەزمانی کوردی بەس نییە.
لەم چوارچێوەیەدا، زۆر ڕاو بۆچونو شیکردنەوەی
جیاواز لەسەر بڕیارەکە سەریانهەڵدا، بێئەوەی لەواتا ڕاستەقینەکەی تێبگەن، شارپرێس
لەڕۆژئاوای کوردستان پەیوەندیی بەبەرپرسانی دۆسیەی پەروەردە لەڕۆژئاواو وەزارەتی پەروەردەی
حکومەتی دیمهشقهوه کردو زانیاریی گرنگی سەبارەت بەبڕیارەکە بەدەستهێنا.
چی لەبڕیارە نوێیەکەدا دیاریکراوە؟
بهگوێرهى ئەو زانیارییە تایبەتانەی دەست
شارپرێس کەوتون، پرۆسەی پەروەردە لەڕۆژئاوای کوردستان بەمشێوەیەیە، بۆ ساڵی خوێندنی
ئەمساڵ (2026 ـ 2027)، بابەتەکانی وەک (مێژوو، جوگرافیاو فەلسەفە) لەلایەن حکومەتی
شامەوە بەزمانی کوردی ئامادەدەکرێن، ئەم سێ بابەتە بەشێوەی هەڵبژاردە (ئارەزومەندانە)
دەبن؛ واتە خوێندکار ناچارنییە بەکوردی بییانخوێنێت، ئەگەر ویستی، دەتوانێت ئەم سێ
بابەتە بەکوردی هەڵبژێرێتو بیانخوێنێت، ئەگەر نەشیویست بەزمانی عەرەبی دەیانخوێنێت.
باس لهوهشدهكرێت، بۆ ساڵی خوێندنی ئەمساڵو
هەموو ساڵەکانی دیكهش، لەپۆلی یهك تا پۆلی 12، لەهەفتەیەکدا سێ وانەی زمانی کوردیو
یەک کاتژمێریش چالاکیی جۆراوجۆر دەبێت، واتە ئەم بڕیارە هەمیشەیی دەبێت، بەواتایەکی
دیکە، لەناوچە کوردییەکاندا هەفتانە چوار کاتژمێر پەروەردە بەزمانی کوردی دەبێت.
لەلایەکی دیکەشەوە، حکومەتی شام دانی ناوه
بەهەموو ئەو بڕوانامانەی کە لەساڵانی شۆڕشدا لەلایەن بەڕێوەبەریی خۆسەرەوە لەپۆلی یهك
تا پۆلی 12 دابەشکراون، وەک بڕوانامەی فەرمی لەزانکۆکانیشدا وەریاندەگرێت.
بهگوێرهى ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس کەوتون،
کۆمیتەی پەروەردەی ڕۆژئاوای کوردستان لەم بڕیارە ڕازیی نییە، چونکە چەندین نەوە هەن
کە لەسەرەتاوە بەکوردی خوێندویانەو ئەگەر یەکسەر بگۆڕدرێن بۆ خوێندن بەزمانی عەرەبی،
ئەوا بۆیان زۆر سەخت دەبێت، هەربۆیە، دیدارو هەوڵەکان لەگەڵ حکومەتی شام بەردەوامن
بۆ ئەوەی پەروەردە بەزمانی کوردی زیاتر بکرێت.
سیستەمی پەروەردەی بەڕێوەبەریی خۆسەر: مۆدێلی
فرەزمانی
لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان
لەساڵی 2012و بەبونیادنانی بەڕێوەبەریی خۆسەر، لەناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاواو دواتر
لەناوچەکانی وەک ڕەققە، دێرەزور، تەبقەو مهنبهج، واتە ئەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتوانەکەی
عەرەبن، سیستەمی پەروەردەبوو بەفرەزمانی.
واتە لەناوچە کوردییەکان وەک قامیشلۆ، حەسەکە،
کۆبانێو عەفرین (پێش داگیرکردنی)، منداڵی کورد بەزمانی کوردی پەروەردە دەبوو و
دواتر بۆ فێربونی زمانەکانی عەرەبیو ئینگلیزی، بابەتەکانی ئەم دوو زمانە (لەپڕۆگرامەکەدا)
زیاد دەکران.
بەواتایەکی دیکە، منداڵی کورد لەسەرەتادا
زمانی دایکی فێر دەبوو و دواتر خۆی فێری زمانەکانی عەرەبیو ئینگلیزی دەکرد، بەڵام
پەروەردە سەرەکییەکەی بەزمانی کوردی بوو، لەهەمانکاتدا، بۆ منداڵانی پێکهاتەی عەرەبیش،
لەسەرەتادا بەزمانی عەرەبی پەروەردە دەبونو دواتر زمانی کوردی وەک وانەیەکو زمانی
ئینگلیزیش وەک وانەیەک فێردەبون، بەڵام پەروەردە سەرەکییەکەیان بەزمانی عەرەبی
بوو.
هەروەها بۆ مەسیحییەکانیش هەمان شێواز بوو،
واتە بەزمانی دایکی خۆیان پەروەردە دەبون، بەشێوەیەکی گشتیی سیستەمی خوێندنی بەڕێوەبەریی
خۆسەر فرەزمانی بوو، تەنها یەک زمان نەبوو و هەر نەتەوەیەک بەزمانی دایکی خۆی پەروەردە
دەبوو، ئەم مۆدێلە پەروەردەییە تەنها لەسەر زمانی پەروەردە نەوەستابوو، بەڵکو لەهەمانکاتدا
لەناو سیستەمی پەروەردەدا جێگەی بۆ مافی هەر پێکهاتەیەک کردبوەوە کە بەزمانی دایکی
خۆی پەروەردە بکرێت.
زانکۆی ڕۆژئاوا: سنوردارکردنی زمانی کوردی
پاشەکشەیە
لەلایەکی دیکەشەوە، ئەمڕۆ زانکۆی ڕۆژئاوا دژی
بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی سوریا سەبارەت بەکەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی وانەی زمانی
کوردی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئەم هەنگاوەی وەک پاشەکشەیەک لەسیستەمی پەروەردەدا
ناوبرد.
زانکۆکە ڕایگەیاند، لە 12 ساڵی ڕابردودا لەڕۆژئاوا/باکورو
ڕۆژهەڵاتی سوریا، زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکیی پەروەردەو توێژینەوە لەهەموو ئاستەکانی
خوێندندا بەکارهێنراوەو وانە زانستییەکانی وەک (بیرکاری، فیزیا، کیمیاو ئەندازیار)یش
بەو زمانە وتراونەتەوە، بەبڕوای زانکۆکە، سنوردارکردنی زمانی کوردی دەکرێت توانای
تێگەیشتنو شیکردنەوەی خوێندکاران کەمبکاتەوەو دەستکەوتە ئەکادیمییەکانی 12 ساڵی ڕابردوو
بخاتە مەترسییەوە.
دوو زمان.. وەک چارەسەرێک
زانکۆی ڕۆژئاوا چارەسەرەکە لەمۆدێلی پەروەردەی
دوزمانیدا دەبینێتو بانگی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە بڕیارەکە دوبارە هەڵبسەنگێننەوەو
ڕێگە بۆ پەرەپێدانی پەروەردەی دوزمانی خۆشبکەن، لەناو ئەم گفتوگۆیەدا، بابەتی سەرەکی
تەنها ژمارەی وانەکانی زمانی کوردی نییە؛ بەڵکو بابەتەکە ئەوەیە کە زمانی پەروەردە
چۆن ڕێکبخرێتو چۆن مافی منداڵان بۆ خوێندن بەزمانی دایکیان بپارێزرێت، لەهەمانکاتدا
کە فێرکاریی زمانەکانی دیكهش بەردەوامبێت.
