شارپرێس:
تاران زمانی هەڕەشەکانی توندتر دەکات؛ دوای هێرشە خوێناوییەکەی ئەمریکا بۆسەر دورگەی لارک کە شەهیدو برینداری لێکەوتەوە، بەرپرسانی باڵای ئێرانو سوپای پاسداران هۆشداریی وەڵامێکی وێرانکەر دەدەنو ڕایدەگەیەنن، واشنتۆن باجێکی قورسی سەربازییو ئابوریی ئەم هەڵە ستراتیژییەی دەدات.
ئیبراهیم عەزیزی سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لەپەرلەمانی ئێران هۆشداریدەدات لەتاقیکردنەوەی ئیرادەی وڵاتەکەیو جەختدەکاتەوە کە هەر تاوانێک بەوەڵامێکی وێرانکەرو بەئازارتر وەڵامدەدرێتەوە، تاوەکو زنجیرەی شکستەکانی نەیارانی پێ تەواو بکرێت.
ئیبراهیم عەزیزی سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەییو سیاسەتی دەرەوە لەپهرلهمانى ئێران هۆشداریدا کە دوبارە تاقیکردنەوەی ئیرادەی تاران تەنها باجی شکستی دوژمنان چەند هێندە دەکات.
عەزیزی جەختیکردەوە، هیچ گومانێک لەوەدانییە کە هەر تاوانێک، لەهەر ئاستێکدابێت، بێوەڵامێکی وێرانکەر نامێنێتەوە، ئەو وەڵامەکەی بە"ئازاربەخشترو وانەیەکی قووڵ" وەسفکرد کە کۆتایی بەزنجیرەی شکستەکانی بەرامبەر دەهێنێتو ڕوو لەدوژمنانی وڵاتەکەی وتی، "بەترسو دڵەڕاوکێوە چاوەڕێبن".
ئەم لێدوانانە دوای ئەوەدێن کە دورگەی لارک لەباشوری ئێران کەوتەبەر دەستدرێژیی هێزەکانی ئەمریکا کە بەو هۆیەشەوە چهند کەسێك كوژرانو برینداربون، لەم چوارچێوەیەدا، سوپای پاسدارانی ئێران لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ئەوکارە لەلایەن ڕۆڵەکانی ئێرانی ئیسلامییەوە وەڵامدەدرێتەوەو دەبێتە هۆی سزادانی دەستدرێژیکار".
هاوکات، عەمید حوسێن موحیبی وتەبێژی سوپای پاسداران، جەختیکردەوە، "ئەو هەڵەیەی دوژمن ئەنجامیدا، هاوسەنگیی هێز دژی ئەوانە دەگۆڕێت کە پلانیان بۆ داڕشتوەو باجێکی گەورەی ئابورییو سەربازیی لێدەکەوێتەوە".
موحیبی وتیشی، "دەستدرێژیی بۆسەر دورگەی لارک هەڵەیەکی ستراتیژییو کوشندەی ڕژێمی ترەمپ بوو لەکاتی جەنگی ئابوریدا".
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی فارس لەزاری وتەبێژی ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، ئەو دەنگۆیانەی باس لەداخستنی فڕۆکەخانەی (میهرئاباد) دەکەن دورن لەڕاستیو هیچ بنەمایەکیان نییە.
دورگەی لارک لەگەڵ چەندین دورگەو شاری دیكهى باشوری ئێران، لەتەمموزی ڕابردودا بەرەوڕوی هێرشی چڕی هێزەکانی ئەمریکا بونەتەوە کە تێیدا دامەزراوە هەستیارەکان، بەندەرەکانو تاوەرەکانی چاودێریی دەریایی کرابونە ئامانج.
