هۆشدارییەکی توندو نهێنی گەیشتە وەزیری بەرگریی ئه‌مریكا

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 725 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەرماندە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەهەڵسەنگاندنێکی نوێدا هۆشداریدەدەنە پیت هێگسێس وەزیری بەرگریی لەوەی، درێژەکێشانی جەنگ دژی ئێران دەبێتە هۆی داخورانی توانای سوپاو پەککەوتنی واشنتۆن لەبەرەنگاربونەوەی هەڕەشە جیهانییەکانی دیکە، ئەم هۆشدارییە لەکاتێکدایە کە بڕیاری درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکان لەناوچەکە تاساڵی 2027، ناڕەزایەتییەکی بێدەنگی لەناو فەرماندەییەکانی ئەوروپاو زەریای هێمن لێکەوتوەتەوە.


ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست هۆشداریی فەرماندە سەربازییەکانی بۆ پیت هێگسێس وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاشکراکردوە کە تێیدا هاتوە، درێژەکێشانی جەنگ دژی ئێران دەبێتە هۆی پەکخستنی تواناکانی ئەمریکاو لاوازبونی لەبەرەنگاربونەوەی هەڕەشەکانی دیکەدا.

ڕۆژنامە ئه‌مریكیه‌كه‌ بەپشتبەستن بەهەڵسەنگاندنێکی نوێ کە پێشکەشی پیت هێگسێس وەزیری بەرگریی ئەمریکا کراوە، بڵاویکردەوە کە فەرماندە سەربازییەکان هۆشدارییانداوە لەمەترسییەکانی درێژەکێشانی ماوەی جەنگ دژی ئێران، ئەوان پێیانوایە، بەردەوامبونی ئەم جەنگە توانای ویلایەتەیەکگرتوەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی هەڕەشەکانی دیکە لاوازدەکات، تەنانەت ئەو هەڕەشانەشی کە ڕەنگە بکرێنەسەر خاکی ئەمریکا.

به‌گوێره‌ى ڕۆژنامەکە، لەلیستێکی فەرمانەکاندا کە لە 14ی ئابدا دەرچوە هاتوە، هەندێک لەهێزە ئەمریکییەکان لەڕۆژئاوای ئاسیا (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) تا ئەیلولی ساڵی داهاتوو دەمێننەوە، هاوکات داوا لەهێزەکانی دیکە کراوە تا ساڵی 2027 لەناوچەکەدا بمێننەوە، لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەیان.

واشنتۆن پۆست ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو هەڵسەنگاندنەی دراوەتە هێگسێس جەختی لەوەکردوەتەوە، درێژەکێشانی جەنگ دژی ئێران مەترسی بۆسەر توانای ئه‌مریكا لەبەرەنگاربونەوەی هەڕەشە ناوخۆیی‌و دەرەکییەکان دروستدەکات.

ڕۆژنامەکە ئەوەشیخستوەتەڕوو، فەرماندەییەکانی ئەمریکا لەئەوروپا، زەریای هێمن‌و ئەمریکای باشور دژی بڕیارەکەی هێگسێس-ن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پابەندی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەبن.