شارپرێس:
لەتارانەوە بۆ ناوجەرگەی نیویۆرک؛ گەورە ڕاوێژکاری
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی گواستنەوەی مەیدانی جەنگ بۆ (وۆڵ
ستریت)و (مانهاتن) دەکاتو ڕایدەگەیەنێت، "چیتر جەنگی نائاسایی هیچ سنورێکی
کاتیو شوێنیی ناناسێتو ئەمریکا لەناو ماڵەکەیدا دەکرێتە ئامانج".
عەمید محەمەد ڕەزا نەقدی گەورە ڕاوێژکاری فەرماندەی
گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران لەچاوپێکەوتنێکى تهلهفزیۆنیدا ڕایگەیاند؛ "ئەگەر
ئەمریکییەکان بییانەوێت بڕیارێکی عەقڵانی بدەن کە لەبەرژەوەندیی خۆیاندا بێت، ئەوا
هەرگیز ناچنە ناو جەنگێکی دیكهوه لەگەڵ تاران".
نەقدی ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆربەی ئەو فەرماندە
ئێرانیانەی ئەمڕۆ لەمەیدانەکەدان، مەیلیان بەرەو عەقیدەی هێرشبەریی هەیەو ئەو شێوازەیان
پێ باشترە، چونکە بابەتێکی زۆر سەرنجڕاکێشە، توانای جێبەجێکردنی هەیەو لەڕوی ئۆپەراسیۆنییەوە
زۆر بەسودە".
بهبۆچونى نەقدی، "هۆکاری وەستانی جەنگەکان
بۆ دەستەوەستانیی واشنتۆنو ئەو زیانو گورزانە دەگەڕێتەوە کە بەریکەوتون".
سەبارەت بەئەولەویەتەکانی ئێستای وڵاتەکەی،
عەمید نەقدی وتی، "کاری لەپێشینەی ئێمە نە جەنگەو نە دانوستان، بەڵکو پرسی سەرەکی
ئەوەیە بگەینە ئاستی (بەرپەرچدانەوەی ستراتیژیی)".
ئهوهشى وت، "ئێمە دڵنیابوین لەسەرکەوتن،
بەڵام پێشبینیمان نەدەکرد بەم ئاسانییە بەدەستبێت، تەنانەت ئەگەر دیوارێکی کۆنکرێتی
بەدەوری ئێراندا هەڵبچننو پاسەوانیشی بۆ دابنێن، ئێران بەبەهێزییو خۆڕاگریی دەمێنێتەوە".
گەورە ڕاوێژکارهكهى فەرماندەی گشتیی سوپای
پاسدارانی ئێران باسی لەوەشکرد، گەورەترین خاڵی هێزی ئێران لەم جەنگەدا ئەوەیە کە
تەواوی چەکەکانی لەناوخۆی وڵاتدا بەرهەمدەهێنرێن، هەموو دامەزراوەکانیش لەشوێنی زۆر
پارێزراودا سەرلەنوێ بونیادنراونەتەوەو بەتەکنەلۆژیای هاوچەرخو ئاستی بەرهەمهێنانی
بەرزتر کاردەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، "تاران خاوەنی سەدان
شارو کۆمەڵگەی پیشەسازیی ژێرزەمینیو سەر زەوییە کە دەتوانێت بەشێوازی جیاواز بەرهەمەکانی
لێ بشارێتەوە، بەرگرییە ئاسمانییەکانی دوژمنیش بەهۆی چڕیی درۆنو موشەکەکانی کۆماری
ئیسلامیو تەنانەت چەکە کۆنەکانیشمانەوە، هەرەسیانهێناوە".
نەقدی سوپای ئەمریکای بەپوچ، فشەڵو پڵنگی سەر
کاغەز وەسفکردو وتی، "توانا ڕاستەقینەکانیان زۆر لاوازترە لەوەی نیشانیدەدەن،
جیهان بهباشى ئهوهى بینی کە کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانیان لەدوری هەزار کیلۆمەتر لەگەروی
هورمز وەستانو نەیانوێرا بجوڵێن".
سەبارەت بەپەیوەندییەکانی ناوخۆی ئێرانیش، گەورە
ڕاوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، "پەیوەندیی نێوان
سوپای پاسدارانو حکومەت لەباشترین ئاستدایەو زۆر پتەوە، ئێمە ئەو پابەندییانە جێبەجێدەکەین
کە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاندوە، بەڵام دەبێت دوژمن تێبگات ئەگەر
هێرشمان بکاتەسەر، باجێکی زۆر قورس دەدات".
سهبارهت بهدۆناڵد ترهمپ، عەمید نەقدی ڕونیكردهوه،
"ئەو بڕیارەکانی بهگوێرهى بەرژەوەندییە کەسییەکانیو کۆمپانیاکانی دەدات، خێرایی
جەنگ بەشێوەیەک ڕێکدەخات کە قازانج بۆ بازاڕی پشکەکان (ستۆک مارکێت) یان نزیکەکانی
لەکەرتی نەوتدا مسۆگەربکات، بهڵام دهبێت ترهمپ بزانێت، جەنگی نائاسایی لاى ئێمهى
ئێرانیى، واتە جەنگ لەوۆڵ ستریتو مانهاتن كه دوو ناوچەی زۆر گرنگو ستراتیژین لەشاری
نیویۆرک لەئەمریکا لەهەر کاتێکدابێت".
سەبارەت بەئیسرائیلیش نهیشاردهوه،
"بڕینی هاوکارییەکانی ئەمریکا واتە نەمانی توانای بەردەوامبونی ئیسرائیل،
سوپای ئیسرائیل تەنها پشت بەبۆردومانی ئاسمانی دەبەستێتو هێزە وشکانییەکانیان بەبێ
ئەو بۆردومانانە هیچ نین".
لەکۆتاییدا ئاماژەی بەشکستی هەوڵەکان کرد بۆ
دروستکردنی درز لەنێوان ئێرانو بەرەی مقاوهمهو جهختیكردهوه، "نەک هەر
درز دروستنەبوو، بەڵکو پەیوەندییەکانمان زۆر لەجاران بەهێزتربون".
مانهاتن (Manhattan) دورگەیەکەو دڵی شاری نیویۆرکە، گرنگترین
ناوەندی بازرگانی، کولتورییو سیاسیی جیهانە، زۆربەی باڵەخانە بەرزەکانو بنکە سەرەکییەکانی
میدیاو ڕێکخراوە جیهانییەکانی لێیە، ههروهها وۆڵ ستریت (Wall Street) شەقامێکی بەناوبانگە لەباشوری مانهاتن، ئەم
شەقامە ناوەندی دارایی جیهانە، گەورەترین بازاڕی پشکەکانی جیهانی لێیە (بۆرسە)،
چاودێرانیش پێیانوایه، کاتێک بەرپرسێکی سەربازیی ئێرانى ههڕهشه دهكاتو دەڵێت،
جەنگ دەگەیەننە وۆڵ ستریتو مانهاتن، مەبەستهكه ئەوەیە کە لێدان لەدڵی ئابورییو
سەقامگیریی ئەمریکا، واتە جەنگەکە تەنها لەسنورەکان نامێنێتەوە، بەڵکو دەچێتە ناوجەرگەی
گەورەترینو دەوڵەمەندترین شارەکانی ئەمریکا.
شرۆڤهكارانیش باس لهوهدهكهن، کاتێک عهمید
نهقدى دەڵێت، جەنگی نائاسایی لەوۆڵ ستریت دەکەین، مەبەستی ئەوەیە، سوپاى پاسداران
ناچن لەگەڵ کەشتیگەلو فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لەناو دەریا شەڕبکەن، بەڵکو بەشێوازی
دیكهى وەک هێرشی ئەلیکترۆنی یان تێکدانی سیستەمی دارایی، زیان بەدڵی ئابوریی ئەمریکا
دەگەیەنن لەناوخاکی خۆیاندا.
