ئومێد حاجی ئەحمەد، ئه‌وكه‌سه‌ى نەوتی ئێرانی بەناوی عێراقەوە فرۆشتوە

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7201 جار خوێندراوه‌ته‌وه



دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی سێیەم، ئەمڕۆ سێشەممە، بڕیاریدا بەدەستبەسەرداگرتنی موڵک‌و ماڵی گوازراوەو نەگوازراوەی تۆمەتباری هەڵاتوو (ئومێد حاجی ئەحمەد).

دادگا لەبڕیارەکەیدا دەڵێت، "تۆمەتباری هەڵاتوو (ئومێد حاجی ئەحمەد) کە ناوی دایکی (هەمین ئەحمەد)ه‌و ساڵی 1976 لەدایکبوه‌و دانیشتووی هەرێمی کوردستان‌و شاری سلێمانیە، فەرمانی دەستگیرکردنی به‌گوێره‌ى مادەی (430 لەیاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو) بۆ دەرچوە، تکایە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەو ئاگادارکردنەوەمان".

تۆمەتەکانی سەر ئومێد چین؟

بەبپێی ئەو بەڵگانەی بڵاوکراونەتەوە تۆمەتی هەڕەشەکردن بە مادەی ٤٣٠ لە یاسای سزادانی عیراقی دراوەتە پاڵ  ئومێد حاجی ئەحمەد، لە کاتێکدا کە پێشتریش تۆمەتبارکراوە بە  فرۆشتنی نەوتی ئێران لەبازاڕی نێودەوڵەتیدا بەناوی نەوتی عێراقەوە لەڕێگەی ساختەكردنی بەڵگەنامەكان‌و بەرتیلدان بەبەرپرسانی حکومەتی عێراق.

بە پێی ئەو تۆمەتانەی پێشتر ئاراستەی کراون دەر دەکەوێت کە ئومێد سەرپەرشتی تۆڕێکى لەکۆمپانیاكانی لەئەستۆ بوە کە پرۆسەی تێکەڵکردن‌و گواستنەوەیان لەکەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیكه‌ بەکارهێناوە بۆ چەواشەکردنی سەرچاوەی بارەکان.

پێشتریش وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، ئومێد حاجی ئەحمەدی بەتۆمەتی تێوەگلاوەن لەقاچاخچیەتی نەوتی ئێران خستە ناو چوارچێوەی سزاكانی كە به‌گوێره‌ى ڕاگەیەندراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، پەیوەندییەکی بەهێزی هەبوە لەگەڵ سیاسییەكان‌و پەرلەمانتارانی عێراق.

پێشتریش ڕۆژنامەی "زەناشناڵ" ڕاپۆرتێكی تایبەتی لەبارەی ئۆمێد حاجی ئەحمەد بڵاوكردەوەو تیادا ئاماژەی بەموڵك‌و كۆشك‌و هۆتێلەكانی لەبەریتانیاو وردەكاری پرۆسەی قاچاغچێتی لەلایەن ئەو تۆڕەوە بڵاوكردبوەوە كە ناوبراو لەبەندەرەكانی بەسرەو دوبەی سەرپەرشتیكردوە.