لەترسی پەککەوتنی گەروی هورمز عێراق بودجەى وڵات به‌پەلە په‌سه‌ند دەکات

عیراق

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2204 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

توندبونەوەی ئاڵۆزییەکانی گەروی هورمز، چوارچێوەی هەماهەنگی‌و حکومەتی ناچارکرد بەپەلە بچنە ناو تاووتوێکردنی یاسای بودجەو چەند یاسایەکی دیكه‌ى سەربازیی، تاوەکو وڵات لەهەر قەیرانێکی چاوەڕواننەکراو بپارێزن، شه‌وى ڕابردوو چوارچێوەی هەماهەنگی، بەڕێوەچونی کارەکانی تایبەت بەیاسا گرنگەکانی تاووتوێکرد، کە یاسای بودجەو یاسای حەشدی شەعبی لەپێشینەی کارەکانیدا بون.


به‌گوێره‌ى ڕاگەیەندراوێکی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، "چوارچێوە کۆبونەوەی ئاسایی ژمارە (292)ی خۆی لەنوسینگەی هادی عامری ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدرو بەئامادەبونی عه‌لى زه‌یدیى سەرۆک وەزیران ئەنجامدا، بەمەبەستی تاووتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی سەر ئاستی ناوخۆو نێودەوڵەتی".

له‌ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا زه‌یدیى ڕایگەیاندوە، گفتوگۆکانی تایبەت بەتەواوکردنی کابینەی حکومەت لەم هەفتەیەدا کۆتایییان دێت، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ناردنی ناوەکان بۆ په‌رله‌مان لەهەفتەی داهاتودا تاوەکو دەنگیان لەسەر بدرێت.

ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ ڕونیكردوه‌ته‌وه‌، بەشێکی دیكه‌ى کۆبونەوەکە، دۆخی دارایی‌و ئابوریی تاووتوێكراوه‌، بەتایبەت لەژێر كاریگه‌ریى‌و لێکەوتەکانی جەنگ لەناوچەکەو پەککەوتنی جوڵەی دەریاوانی لەگەروی هورمز.

سەبارەت بەکاروباری پەرلەمان، کۆبونەوەکە جەختی لەسەر بەڕێوەچونی کارەکان لەسەر یاسا گرنگ‌و بەپەلەکان کردوەتەوە کە لەسەرویانه‌وه‌ یاسای بودجەی گشتیی‌و یاسای حەشدی شەعبی بون.