شارپرێس:
فەرمانبەرو خانەنشینان لهعێراقو ههرێمى
كوردستان وەک تینویەک بۆ قومێک ئاو، چاوەڕێی موچەی مانگانە دەکەن، بەڵام هەر کە
موچە دەگات، "سوتێنەری" خەرجییەکان دەستپێدەکات ئهوانیش کرێی خانوو،
پارەی مۆلیدەو ئینتەرنێت، سەبەتەی خۆراک، پێداویستییەکانی خێزان، کرێی هاتوچۆ یان
بەنزینی ئۆتۆمبێل، قیستی بانکەکان، وانەی تایبەتو پێداویستی قوتابخانە، تێچوی دەرمانو
چەندین خەرجیی دیكهى کتوپڕ کە کۆتاییان نایەت.
لەزۆربەی ماڵەکاندا، پرسیاری کۆتایی مانگ ئەوەنییە
چەندت پاشەکەوت کردوە؟، بەڵکو ئەوەیە چۆن پاشماوەی مانگەکە تەواو بکەین؟؛ ئەمەش
ئاماژەیە بۆ ئەوەی موچە تەواو بوە یان بڕێکی زۆر کەمی لێ ماوەتەوە کە ناتوانرێت
پشتی پێببەسترێت.
ئەم هاوکێشەیە دەرگایەکی ئابوریی لەوە گەورەتر
دەکاتەوە کە تەنها باسی گرانی بێت، بەڵکو پرسیارێکی گرنگتر دەوروژێنێت، ئایا داهاتی
عێراقییەکان تەنها بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکان تەرخانکراوە؟ ئەی کایەی
پاشەکەوتو وەبەرهێنان چۆنو لهکوێ ونبوو؟
خەرجییەکان موچە هەڵدەلوشن
هاوڵاتیان باس لەمەینەتییەکانی خۆیان دهكهنو
دەڵێن، "هەر کە موچە وەریدەگرین، تەواو دەبێت"، ڕونیدەکهنهوه، ڕاستەوخۆ
موچەکەیان دابەشدەبێت بەسەر پابەندییە پێویستەکاندا، لەکرێی خانوو و پسوڵەکانەوە
تا دەگاتە خۆراکو گواستنەوە، دەشڵێن، "ئەوەی دەمێنێتەوە بەشی پاشەکەوت
ناکات، بەتایبەت کە تێچوی ژیان بەردەوام لەبەرزبونەوەدایە".
هاوڵاتیان تهئكید دهكهنهوه، دواکەوتنی
موچە فشارێکی زۆر دەخاتەسەریان، چونکە خەرجییەکانی وەک قوتابخانەو پارهى كارهباو
خۆراک چاوەڕێناکەنو بەشێکی گەورەی داهات دەبەن.
پاشەکەوت لەنێوان 12 بۆ 15٪دایە
مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک
وەزیران باس لهوهدهكات، پاشەکەوتی نیشتمانیی گشتیی لەعێراق بەتێکڕا لەنێوان 12٪
بۆ 15٪ی بەرهەمی ناوخۆیی گشتیدایه، ئەم ڕێژەیەش ساڵانە بهگوێرهى نرخی نەوتو
ئاستی بەکاربردن دەگۆڕێت، بەشێکی زۆری ئەو پارانەش لەدەرەوەی سیستەمی بانکینو وەک
پارەی ئامادە (کاش) بۆ مامەڵەی ڕۆژانە بەکاردێن.
بەرزبونەوەی ئاستی بەکاربردن
هیلال تـەعانی شارەزای ئابوریی ئاماژه بهوهدهكات،
لاوازیی کولتوری پاشەکەوت نیشانەیەکی مەترسیداری ئابورییە، ئاشکرایکرد، ڕێژەی ئەوکەسانەی
لەعێراق پارە پاشەکەوت دەکەن لەساڵی 2024دا تەنها 9.7٪ بوە، ئەمەش بەراورد بەتێکڕای
جیهانی زۆر کەمە، هۆکارەکەشی بۆ کەمیی داهاتو گرانیی تێچوی نیشتەجێبونو خۆراکو
ژیانى ڕۆژانه گەڕاندەوە.
100 ترلیۆن دینار لەدەرەوەی بانکەکانە
داتاکانی بانکی ناوەندیی عێراق دەریدەخەن کە
ئابوریی وڵات پشتی بەپارهى کاش بەستوە، تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئهمساڵ، بڕی
111 ترلیۆن دینار دراو خراوەتەڕوو کە زیاتر لە 101 ترلیۆن دیناری (واتە 91.7٪ی پارەکە)
لەدەرەوەی بانکەکاندایەو لەدەستی خەڵکو بازاڕدایە.
هەڵاوسان توانای کڕین دەخوات
نەجم عەبد مامۆستای زانکۆ باس لهوهدهكات،
بەشێکی زۆری موچە بۆ پێداویستییە سەرەتاییەکان دەچێتو هەڵاوسانیش بەردەوام بەهای ڕاستەقینەی
دینار کەمدەکاتەوە، دینارێک کە پێشتر بڕێکی زۆر کاڵای پێدەدرا، ئێستا بەهۆی گرانییەوە
توانای کڕینی کەمیکردوە، ئەمەش وایکردوە خەڵک نەپەرژێتەسەر پاشەکەوت.
ئەم داتایانە دەریدەخەن کە جەنگی عێراقییەکان
لەگەڵ موچە تەنها پەیوەست نییە بەگرانییەوە، بەڵکو پەیوەستە بەپێکهاتەی ئابوریی وڵاتەکەوە،
کاتێک زۆربەی داهات بۆ نانو پێداویستی سەرەتایی ژیان بڕوات، خێزانەکان توانای پاشەکەوتیان
نامێنێت، گەورەترین ههڕهشهش لەبەردەم کەرتی بانکی ئەوەیە، چۆن ئەو 100 ترلیۆن دینارەی
لەدهرهوهى بانكهكانه، ڕابکێشێتە ناو بانکەکان بۆ ئەوەی ببێتە وەبەرهێنانو
ئابوریی وڵاتی پێ بجوڵێنرێت.
