شارپرێس:
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند کە کۆگای ستراتیژیی کەرەستە خۆراکییەکان بە تەواوی بەردەستە و سەرەڕای بارودۆخی سەخت و داخستنی گەرووی هورمز، هیچ کەموکوڕییەک لە سەبەتەی خۆراکدا نییە.
ستار جابری، بریکاری وەزارەتەکە لەلێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی عێراقی (واع) ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای ئاستەنگەکان، وەزارەتەکە ڕێڕەوی نوێی بۆ دابینکردنی کەرەستە خۆراکییەکان گرتووەتە بەر.
هەروەک وتوشیەتی کۆگای خۆراک بۆ چەند مانگێک بەش دەکات و بڕی گەنمی کۆکراوەش بەشی زیاتر لە 1.5 ساڵ دەکات، بەمەش ڕەوشەکە تەواو سەقامگیرە.
جابری ڕوونی کردۆتەوە کە بەپێی ڕێنماییە باڵاکان، بەهۆی کەمیی نەختینە و دواکەوتنی شایستەی دارایی جووتیاران و کۆمپانیا دابینکەرەکان، بڕیارە ئەمساڵ 8 بەشەخۆراک دابەش بێت هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو.
دەربارەی پێکهاتەکەشی ئاماژەی دا کە سەبەتەی بنەڕەتی و سەبەتەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی جیاوازن، بە جۆرێک دووەمیان پێکهاتووە لە 3 كیلۆگرام لە ھەر یەک لە برنج، شەکر، ڕۆن، پاقلەمەنی و دۆشاو لەگەڵ 9 كیلۆگرام ئارد.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە لە ئێستادا هیچ کەمبوونەوە یان زیادبوونێک لە بڕی کەرەستەکاندا نەبووە.