عەون: پێداگرین لەسەر کۆتاییهێنان بەدۆخی دوژمنایەتی لەگەڵ ئیسرائیل

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 172 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جوزێف عەون سەرۆکی لوبنان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پێداگرە لەسەر کۆتاییهێنان بەدۆخی دوژمنایەتی لەگەڵ ئیسرائیل.


عەون ڕونیکردەوە، "بەسەرپەرشتی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا، گەیشتینە واژۆکردنی ڕێککەوتنامەی چوارچێوە، بەڵام ناکرێت ڕێککەوتنەکە تەنها لەلایەنێکەوە جێبەجێبکرێت، بەڵکو دەبێت هەردولا پابەندبن پێوەیی‌و بەتەواوی جێبەجێی بکەن، نەک بەشێوەیەکی هەڵبژاردەو تەنها لەهەندێک لایەنەوە".

سەرۆکی لوبنان لەکاتی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ یۆنان‌و کۆبونەوەی لەگەڵ کۆنستانتینۆس تاسولاس-ی سەرۆکی یۆنان، وتی، "ئێمە لایەنگری ئاشتین‌و سورین لەسەر کۆتاییهێنان بەدۆخی دوژمنایەتی لەگەڵ ئیسرائیل، هەروەها دەمانەوێت باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا هەبێت".

جەختی لەوەشکردەوە، "گفتوگۆکانی نێوان لوبنان‌و ئیسرائیل یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی لوبنان لەسەربەخۆیی‌و خۆشگوزەرانی بەهرەمەندبێت‌و ببێتە هۆی جێبەجێکردنی بڕیاری 1701ی ئەنجومەنی ئاسایش".

ئاماژەی بەوەشکرد، چارەسەرکردنی کێشەکان لەڕێگەی هێزی سەربازییەوە "سەرکەوتونەبوەو سەرکەوتوش نابێت".

لەکۆتاییدا عەون جەختیکردەوە، لوبنان "بەناو مەینەتییەکانی شەڕدا تێپەڕیوەو کاتی ئەوەهاتوە پشوو بدات، باشترین چارەسەریش بۆ کێشەکان تەنها دیپلۆماسییە".