هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى توند له‌خاته‌مولئه‌نبیاوه‌ بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ى بنكه‌ى ئه‌مریكایان تێدایه‌

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3406 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا بۆسەر خاکی ئێران، بنکەی فەرماندەیی‌و شوێنی جێگیربونی درۆنەکانی لەبنکەی (عەلی سالم) لەکوەیت‌و چەندین بنکەی دیكه‌ى ئەمریکای لەهەولێر، بەحرەین‌و ئوردن بۆردومانکردوە، خاتەمولئەلئەنبیا-ش ده‌ڵێت، "هەر وڵاتێک هاوکاریی سوپای ئەمریکا بکات، دەبێت بەرپرسیارێتی لێکەوتە مەترسیدارەکانی هەڵبگرێت، چونكه‌ وەڵامێکی زۆر توندو وێرانکەرمان دەبێت".


پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لەبەیاننامەیەکدا ئاشکرایکردوه‌، هێزە وشکانییەکانیان لەڕێگەی موشەک‌و درۆنەوە هێرشێکی چڕیان کردوەتەسەر بنکەی فەرماندەیی‌و شوێنی نیشتەجێبونی فەرماندەی ئەمریکی لەبنکەی (عەلی سالم) لەکوەیت، لەو هێرشەدا ژمارەیەک سەربازیی ئەمریکی کوژراون.

هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، کۆگای درۆنەکان‌و سەکۆی هەڵدانی ئەو فڕۆکانەی لەهێرشەکانی سەر ئێراندا بەشداربون، ئاگریان تێبەردراوەو ژمارەیەکیان تێکشکێنراون، هاوکات، سوپای پاسداران پشتڕاستیکردەوە، بەشێوەیەکی هاوکات هێرشی موشەکییان کردوەتەسەر بنکەکانی ئەمریکا لەهەولێر (هەرێمی کوردستان)، ئوردن‌و بەحرەین.

سوپای پاسداران دەڵێت، "ئەم هێرشانە وەک تۆڵەیەک بوە بۆ بۆردومانەکەی ئەمریکا بۆسەر ماڵێکی نیشتەجێبون لەناوچەی (سیریک)ی ئێران کە لەکاتی بەڕێوەچونی ئاهەنگێکی هاوسەرگیریی هاوڵاتیانی سوننە مەزهەب ئەنجامدراو بەهۆیەوە چوار کەس كوژراون کە منداڵێکیان تێدایەو نزیکەی 70 کەسی دیكه‌ش برینداربون.

لەبەیاننامەکەدا سوپای پاسداران پەیامێکی ئاراستەی گەلی کوەیت کردوەو تێیدا هاتوە، "ئێمە خۆشەویستی‌و پەیوەندییەکی توندوتۆڵمان لەگەڵ ئێوەدا هەیە، ئەوەی ئازارمان دەدات داگیرکردنی خاکە ئیسلامییەکانە لەلایەن سوپای تیرۆریستی ئەمریکاوە کە بکوژی منداڵانن"، هەروەها دەڵێت، "ئەم هێرشانە یارمەتیدەر دەبن بۆ پاککردنەوەی خاکی کوەیت لەبونی ئەمریکاو کۆتاییهێنان بەهەژمونی ئەو وڵاتە".

پێشتر ناوەندی خاتەمولئەلئەنبیا لەئێران هۆشداریدابوە هەموو ئەو وڵاتانەی هاوکاریی سوپای ئەمریکا دەکەن‌و ڕایگەیاندبوو، "هەر وڵاتێک هاوکاریی سوپای دەستدرێژکاری ئەمریکا بکات، دەبێت بەرپرسیارێتی لێکەوتە مەترسیدارەکانی هەڵبگرێت، بەردەوامیی شەڕانگێزییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا، بەوەڵامێکی زۆر توندترو وێرانکەرتر بەرەوڕوو دەبێتەوە".

ئەمە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی تەندروستیی ئێران‌و مانگی سوری ئەو وڵاتە، ئاماری قوربانیانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکایان بۆسەر پارێزگای هورمزگان بڵاوکردەوە کە تێیدا چەندین هاوڵاتی مەدەنی بونەتە قوربانی.